خەسرۆ ئیسماعیل: کارگەی ڕیسایکلینەکەی سۆران، ڕۆژانە توانای ڕیسایکلینی 500 تۆن زبڵ و خاشاکی دەبێت
"کارگەکە لەسەر ڕووبەری 100 دۆنم، بەگوژمەی 15 ملیار دینار دروست دەکرێت"

بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانییەکانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران ڕایگەیاند، کارگەیەکی ڕیسایکلین لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، بە گوژمەی 15 ملیار دینار دروست دەکرێت، کە ڕۆژانە توانای ڕیسایکلینی پتر لە 500 زبڵ و خاشاکی هەیە.
خەسرۆ ئیسماعیل، بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانییەکانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، بە کوردستان24ـی راگەیاند، "سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی، پێداگیریی کردووە و بڕیاری دا، بەزووترین کات، کارگەی ڕیسایکلین لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆیی سۆران دابمەزرێت".
خەسرۆ گوتیشی: "ئێستە دروست کردنی ڕێگای کارگەی ڕیسایکلین بەرەو کۆتایی دەچێت و لە هەفتەی داهاتوودا قیرتاو دەکرێت، ڕووبەری زەویی کارگەکەش 100 دۆنمە، بۆ ئەوەی بتوانرێت هەموو زبڵ و خاشاکی سنووری ئیدارەی سۆران لەو کارگەیە ڕیسیکلین بکرێت، تاوەکو ماددەی نوێ لەو پاشماوەیە دروست بکرێت و ژینگەی سنوورەکەش لە پیسبوون بپارێزێت".
ئاماژەی بەوەش دا "ئەو کارگەیە دەتوانێت ڕۆژانە سەرووی 400 -500 تۆن ڕیسایکلین بکات"، دەشڵێت: ئەو زبڵ و خاشاکەی لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران کۆ دەکرێتەوە، ڕۆژانە 300 تا 350 تۆنە.
ڕاشیگەیاند، لە سنووری ئیدارەکە 11 شوێنمان دیاری کردووە بۆ فڕێدانی زبڵ و خاشاک و ژێرخاک کردنی، بۆیە دوای دانانی ئەو کارگەیە، شوێنمان بۆ کۆکردنەوەی ئەو زبڵ و خاشاکە دەستنیشان کردووە، تاوەکو کارگەکە بتوانێت بە ئاسانی ڕیسایکلین بکات.
بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانییەکانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران باسی لەوەش کرد، کارگەکە بە گوژمەی 15 ملیار دینار دروست دەکرێت، هەروەها بەستانداردی جیهانی زبڵ و خاشاک ڕیسایکلین دەکات.