له باره‌ی چالاكییه‌كانی داعش له عێراق هۆشداری ده‌درێت
ڕاپۆرته نوێیه‌كه‌ی فه‌رمانده‌یی ناوه‌ندیی ئه‌مه‌ریكا (سێنتكۆم) سه‌باره‌ت به زیادبوونی دووهێنده‌ی چالاكییه‌كانی داعش له عێراق و سووریا له نیوه‌ی یه‌كه‌می ئه‌م ساڵ به‌راورد به ساڵی ڕابردوو (2023)، مێدیا و شرۆڤه‌كارانی سیاسی و ناوه‌نده‌كانی توێژینه‌وه‌ی به خۆوه سه‌رقاڵ كردووه و له‌م باره‌وه هۆشداری له سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ی كرده‌وه‌كانی ڕێكخراوه‌كه ده‌ده‌ن.
ڕۆژی چوارشه‌ممه 17ـی ته‌ممووزی 2024، فەرماندەیی ناوەندیی ئه‌مه‌ریكا لە ڕاگه‌یه‌ندراوێكدا ئاماژەی بەوە كرد، لە ماوەی نیوەی یەکەمی ئەمساڵدا واته لە نێوان مانگی كانوونی دووه‌م بۆ حوزەیران، داعش بەرپرسیارێتی خۆی لە 153 هێرش لە عێراق و سووریا ڕاگه‌یاندووه، كه ئه‌مه‌یش ده‌كاته دوو هێنده‌ی چالاكییه‌كانی داعش له ماوه‌ی ساڵی 2023ـدا و مانای وایه ڕێكخراوه‌كه له ماوه‌ی شه‌ش مانگی ڕابردوودا خۆی كۆ كردووه‌ته‌وه.
به پێی ڕاپۆرته‌كه‌ی فەرماندەیی ناوەندیی ئه‌مه‌ریكا هێرشه‌كانی داعش له عێراق و سووریا له شه‌ش مانگی یه‌كه‌می ئه‌م ساڵدا به ڕێژه‌ی 26% له كۆی گشتی هێرشه‌كانی ساڵی ڕابردووی ئه‌و ڕێكخراوه له هه‌ردوو وڵات پتره.
ڕاپۆرته‌كه سه‌رنجی بۆ ئه‌وه‌یش ڕاكێشاوه، ئه‌گه‌ر داعش له هێرش و چالاكییه‌كانی له ماوه‌ی شه‌ش مانگی داهاتوو به‌رده‌وام بێت، تێكڕای هێرشه‌كانی لانی كه‌م ده‌گاته 300 هێرش، ئه‌مه‌یش ده‌كاته پتر له دوو هێنده‌ی كۆی چالاكییه‌كانی ئه‌و ڕێكخراوه له 2023ـدا.
پەیمانگای واشنتۆن بۆ سیاسەتی ڕۆژهەڵاتی نزیک ئاماری چالاکییەكانی داعش لە هەموو ناوچەکانی جیهان بە عێراق و سووریاشەوە له ماوه‌ی نێوان ئاداری 2023 بۆ ئاداری 2024 خستووه‌ته ڕوو، به شێوه‌یه‌ك 347 هێرشی له عێراق و سووریادا كردووه، كه 158ـیان له عێراق بووه و 189ـیشیان له سووریا بووه.
هەروەها لە ڕاپۆرتی فەرماندەیی هێزە ناوەندییەکانی ئەمه‌ریکا ڕوون كراوه‌ته‌وه، له عێراق و سووریادا 196 ئۆپه‌راسیۆنی سه‌ربازی له دژی داعش كراوه و له ئه‌نجامدا 44 چه‌كداری ڕیكخراوه‌كه كوژراون و 166ـی دیكه‌یش ده‌ستگیر كراون. به شێوه‌یه‌ك 30 چه‌كداری ئه‌و ڕێكخراوه له عێراق كوژراون و 77ـی دیكه‌یشیان هه‌ر له عێراق ده‌ستگیر كراون، هه‌روه‌ها 137 ئۆپه‌راسیۆنی سه‌ربازیش له دژی ڕێكخراوه‌كه له عێراق بووه.
چاودێرانی سیاسی و مێدیا و ناوه‌نده‌كانی توێژینه‌وه پێیان وایه ئه‌و ئامارانه به‌ڵگه‌ن له‌سه‌ر چالاكبوونه‌وه‌ی داعش به‌تایبه‌تی له عێراق، ئه‌مه‌یش مه‌ترسی بۆ سه‌ر دۆخی ئه‌منی دروست ده‌كات.