بەڕێوەبەری گشتیی حەج و عومرەی هەرێم: لێپێچینەوە لەگەڵ کۆمپانیا سەرپێچیکارەکان دەکەین
K24 – هەولێر:
بەڕێوەبەری گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: تەنیا کۆمپانییەکانی حەج و عومرە نەبوونە کە خەڵکیان بە ڤیزای ساڵی و گەشتیاریی بردووەتە حەج، بەڵکو خەڵکێک هەبوون بۆخۆیان دەستیان دابووە فرۆشتنی ڤیزا و بازرگانییان پێوە دەکرد. جەختی لەوەش کردەوە، لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لێپێچینەوە لەگەڵ سەرجەم کەس و کۆمپانیا سەرپێچیکارەکان دەکرێت.
نیاز نەقشبەندی، بەڕێوەبەری گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان، لەمیانەی بەشداریی لە گەشتێکی هەواڵەکانی کوردستان24ـدا، گوتی: لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی بۆ ڕێگەگرتن لە بێسەروشوێنبوونی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان لە سعوودییە، ئەو کۆمپانییانەی کە خەڵکیان بە ڤیزای گەشتاریی و ساڵی بردووە بۆ حەج لێپێچینەوەیان لەگەڵدا دەکرێت.
بەڕێوەبەری گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان، ڕاشیگەیاند: تەنیا هەر کۆمپانیاکانی حەج و عومرە نەبوونە کە خەڵکیان بە ڤیزای گەشتیاریی و ساڵی بردووەتە سعوودییە بۆ مەبەستی حەجکردن، بەڵکو هەندێک خەڵکی کاسبکاریش هەبوونە ئەو کارەیان کردووە.
جەختی لەوەش کردەوە، لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆکوەزیران هەر هاووڵاتییەک مافی پێشێل کرابێت مافەکەی بۆ دەگەڕێندرێتەوە، هاوکات لێژنەیەک لەسەر ئەو بابەتە پێکهێنراوە و بە گوێرەی یاسا لێپێچینەوە دەکات.
ناوبراو ڕوونیکردەوە، چەندین جار کۆمپانیا و هاووڵاتییانیان ئاگادار کردووتەوە، کە بە ڤیزای ساڵی و گەشتیاریی نەچنە سعوودییە و فەریزەی حەج ئەنجام نەدەن. هاوکات گوتی: "ئەو گرفتە تەنیا لە هەرێمی کوردستاندا نەبووە، بەڵکو لە زۆرێک لە وڵاتان هەبووە، بۆیە هەرێمی کوردستان دەیەوێت بۆ پاراستنی شکۆی خۆی و هاووڵاتییانی لێپێچینەوە لەگەڵ سەرپێچیکاران بکات".
لەبارەی گرێبەستکردن لەگەڵ کۆمپانیاکانی حەج و عومرە، نیاز نەقشبەندی، دەڵێت: گرێبەستی ساڵی تازەمان بۆ ئەو کۆمپانییانە کردووە کە پابەندن و لە پرسی بردنی هاووڵاتییان بۆ سعوودییە بە ڤیزا جۆراوجۆرەکان تێوەنەگلابن، ئەو کۆمپانییانەشی کە لە پرسەکە تێوەگلاون سڕ دەکرێن تا یەکلاییکردنەوەی کەیسەکانیان.
سەرنجی بۆ ئەوەش ڕاکێشا، هەرێمی کوردستان و عێراق لەسەر بابەتی لێپێچینەوەکە زۆر جددین، چەندین جار دەستەی حەج و عومرەی عێراق داوای ناوی ئەو کۆمپانییانەیان کردووە کە جگە لە ڤیزای فەرمی حەج، هاووڵاتییانیان بە ڤیزای گەشتیاریی و ساڵی بردووە سعوودییە بۆ ئەوەی بخرێنە لیستی ڕەشەوە هەم لە عێراق هەم لە سعودییە، بەڵام "ئێمە هێشتە ئەو بابەتەمان ڕاگرتووە تا یەکلاییبوونەوەی کەیسەکان".
بەڕێوەبەری گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان، لە درێژەی قسەکانیدا ئەوەشی خستەڕوو: دەبێت عەرەبستانی سعوودییەش بێتە سەر هێڵ کە نابێت بۆ لەمەودوا ڤیزای ساڵی و گەشتیاریی بە هاووڵاتییان بدەن، بۆ ئەوەی بە مەبەستی حەجکردن بەکاری نەهێنن.
باسی لەوە کرد، ئەم ساڵ چوار هەزار و 600 حاجی بە ڕێگەی فەرمی چووبوونە حەج، نزیکەی 20 هەزاریش بە ڕێگەی ڤیزاکانی دیکەوە هاتبوون. گوتیشی: "حەجی ئەمساڵ پڕ کێشەو و گرفت بوو، هاوکات مایەی خەم و خەفەتێکی زۆریش بوو بۆ ئێمە، چونکە ژمارەیەکی زۆری هاووڵاتییان گیانیان سپارد و ژمارەیەکیش بێسەروشوێن بوون".
ئەمڕۆ پێنجشەممە 18ـی تەمموزی 2024، وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، پاڵپشت بە بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران و لەسەر ڕاسپاردەی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لێکۆڵینەوە لەو کۆمپانیایانە دەکرێت کە خەڵکیان بە ڤیزای ساڵی و ڤیزای جۆراوجۆر بردووە بۆ وڵاتی سعوودیە و بەجێگەیاندنی فەریزەی حەج. هەروەها بووەنەتە هۆی مردن و بزربوونی چەندان هاووڵاتیی هەرێمی کوردستان.