موخەلەد حازم: داعش بە ئاشکرا جموجۆڵەکانی دەست پێ کردووەتەوە

K24 – هەولێر:
چاودێرێکی سەربازی و سیاسی، دەڵێت: بڕیاری دەرچوونی هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق سیاسییە و لە بەرژەوەندی عێراقدا نییە. هاوکات گوتی: داعش بە ئاشکرا جموجۆڵەکانی دەست پێ کردووەتەوە و هێشتە کۆتایی پێ نەهاتووە.
موخەلەد حازم، چاودێری سەربازی و سیاسی، لەمیانەی بەشداریی لە ژووری هەواڵی کوردستان24، ڕایگەیاند: داعش لاواز دەبێت بەس کۆتایی پێ نایەت، ئەم ڕێکخراوە لەلایەن چەند ئامرازێکی دەرەکییەوە بەڕێوە دەبرێت، ئەم ناوچانەی کە کۆنترۆڵی ئەمنییان لەلایەن هێە ئەمنییەکانی عێراق نەکراوە بوونەتە شوێن و پەناگەی داعش. کاتێک داعش کەسێک دەبێتە سەرکردەیان دووبارە خۆیان ڕێک دەخەنەوە.
ئەو چاودێرە سەربازی و سیاسییە، دەڵێت: سەرۆکی نوێی قاعیدە ئەبو حەفز تاکتیکێکی نوێی داناوە بۆ داعش، بۆیە ئێستە خەریکە داعش هەڵدەستێتەوە و جموجۆڵەکانی زیادی کردووە، لە هەمان کاتدا هێزەکانی عێراق هەندێک جار ئۆپەراسیۆن لە دژیان ئەنجام دەدەن.
ناوبراو ئاماژەی بەوە کرد: ڕێکخراوەکە لەنێو خۆیدا کە هەڵگری هزری باوەڕییە بە چەک کۆتایی پێ نایەت، بەڵکو بۆ لەناوبردنی پێویستە هزرێکی لەدژ بهێنرێتە پێشەوە.
جەختی لەوەش کردەوە، ئێستە گەورەترین مەترسی داعش لە سووریایە بە تایبەتی کەمپی هۆل کە خەڵکێکی زۆری تێدایە ئەمانە هەموو ئامرازی ئەو کەسانەن کە داعشیان دروست کردووە و، دەیانەوێت لەم رێگەیەوە جارێکی دیکە چالاکی بکەنەوە و وەک کارتێکی فشاری سیاسی لە بەردەم وڵاتانی ناوچەکە بەکاری بهێنن.
موخەلەد حازم، گوتی: "ئەگەر ئیرادەیەکی ڕاستەقینە هەبووایە بۆ ئەو وڵاتانەی کە داعشیان دروست کردووە بۆ ئەوەی ڕێکخراوەکە لەنێو ببرێت ئەوا داعش لە ساڵی 2019ـەوە کۆتایی پێهاتبوو، پێوستە وریا بین و نابێت داعش بە کەم بزانین."
لەبارەی کشانەوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی لە عێراق، موخەلەد حازم، ڕوونی کردەوە، چوونە دەرەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان لە بەرژەوەندیی عێراقدا نابێت و، ئەو بڕیارەشی دراوە بۆ کشانەوەیان بڕیارێکی سیاسییە و ئەمنیی نییە.
مەترسی و کردەوە تیرۆریستییەکانی داعش بەردەوامن، دواین هێرشیان لە ناحیەی قەرەهەنجیر دەرخەری ئەوەیە ئەم گرووپە تیرۆریستییە هێشتا مەترسین بۆ سەر ئاسایشی ناوچەکە.
چەند جارێکیش سەرۆک بارزانی هۆشداری لە مەترسییەکانی داعش و سەرهەڵدانەوەی داوە. فەرماندەیی ناوەندیی ئەمەریکاش نایشارێتەوە، داعش خەریکی خۆڕێکخستنەوەیە و پلان بۆ زیادکردنی هێرشە تیرۆریستییەکانی دادەڕێژێت.
ئەمەش لەکاتێکدایە، حکوومەتی عێراق چەندینجار گوتوویەتی داعش مەترسی نەماوە و داوای کشانەوەی هێزە بیانییەکان دەکات.