سەعید جردۆ: سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی هەموو هاوکارییەکی پێشکەش بە ڕزگاربووانی دەستی داعش کردووە

سەعید جردۆ، سەرۆکی بنکەی لالشی ڕۆشنبیری و کۆمەڵایەتی
سەعید جردۆ، سەرۆکی بنکەی لالشی ڕۆشنبیری و کۆمەڵایەتی

K24 – هەولێر:

سەرۆکی بنکەی لالشی ڕۆشنبیری و کۆمەڵایەتی ڕایگەیاند: سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەموو هاوکارییەکی پێشکەش بە رزگاربووانی دەستی داعش کردووە.

سەعید جردۆ، سەرۆکی بنکەی لالشی ڕۆشنبیری و کۆمەڵایەتی، تایبەت بە کوردستان24ـی گوت: بەپێی ئامارەکان تا ئێستە سێ هەزار و 574 کەس لەدەستی داعش ڕزگار کراون.

سەرۆکی بنکەی لالشی ڕۆشنبیری و کۆمەڵایەتی، دەشڵێت: سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەموو هاوکارییەکی پێشکەش بە رزگاربووانی دەستی داعش کردووە.

لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاری دا، ڕزگاربووانی شاڵاوی تیرۆرستانی داعش کە ناویان لە لیستی ڕزگاربووان تۆمارکراوە و لە خوێندن دابڕاون، تەواوی ئاسانکارییان بۆ بکرێت تاوەکو دەست بە خوێندن بکەنەوە.

ڕۆژی 3ی ئابی ساڵی 2014ی چەکدارانی داعش هێرشیان کردە سەر شنگال و داگیریان کرد. چیای شنگال تاکە شوێن بوو ئێزدییەکان هانایان بۆ برد بۆ ئەوەی نەکەونە ژێر دەستی تیرۆریستانی داعش. ئەو ئێزدییانەی لە دەست داعش و شەڕەکە هەڵهاتن پەنایان بردە بەر چیای شنگال. بەشێکیان بۆ ماوەی چەندین ساڵ لەسەر چیاکە مانەوە، بەشێکیشیان لەوێوە خۆیان گەیاندە ڕۆژئاوای کوردستان و پاشان لەڕێگەی دەروازەی سێمێلکا - پێشخابوورەوە گەڕانەوە و لە شارەکانی هەرێمی کوردستان ئاوارەبوون و بەشێکیشیان چوونە وڵاتانی دەرەوە.

بەهۆی هێرشەکەی داعشەوە بۆ سەر شنگال؛ زیاتر لە پێنج هەزار کوردی ئێزدی کوژراون و نزیکەی دوو هەزار و 745 منداڵ بێ دایک و باوک بوون.

هەر بەهۆی هێرشەکەوە زیاتر لە 325 هەزار ئێزدیی ئاوارە بوون. بەگوێرەی نوێترین ئاماری نووسینگەی ڕزگارکردنی ئێزدییە ڕفێندراوەکانی سەر بە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، بەهۆی هێرشەکەی داعشەوە، 135 هەزار و 860 کوردی ئێزدی ئاوارەی هەرێمی کوردستان بوون، هەروەها 189 هەزار و 337 کەسیش ئاوارەی ناوچە دابڕاوەکانی باشووری کوردستان بوون و زیاتر لە 100 هەزار کەسیش کۆچبەری وڵاتان بوون.