تەقینەوەیەک تەلئەڤیڤی هەژاند و کوژراو و برینداریش هەن

سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند، بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی 19ی تەممووزی 2024، بە درۆن هێرشکراوەتە سەر شاری تەلئەڤیڤ و بەهۆیەوە کوژراو و بریندار هەن.

هەروەها مێدیاکانی ئیسرائیل لە زاری خەڵکی بڵاویانکردووەتەوە، دەنگێکی بەهێزی تەقینەوەیەک لە شەقامی بن یەهودا تەلئەڤیڤی هەژاندووە.

لەلایەن خۆیەوە پۆلیسی ئیسرائیل ڕایگەیاندووە، تەقینەوەکە کاتژمێر چواری بەرەبەیان بووە و لە شوێنی تەقینەوەکەشدا تەرمی کەسێکیان دۆزیوەتەوە و سێ کەس دیکەش برینداربوون بۆ نەخۆشخانە گوازراونەتەوە.

هەروەها پۆلیس شوێنی تەقینەوەکەی داخستووە و تیمەکانی تەقەمەنی وێڕای لێکۆڵینەوە بەدوای پارچەی پاشماوەی تەقینەوەکەدا دەگەڕێن، هەرچەندە پێشتر سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاندبوو، تەقینەوەکە بەهۆی هێرشی درۆنەوە بووە.

سوپای ئیسرائیل ڕاشیگەیاندووە، بەر لە تەقینەوەکە لە سیستمی چاودێری ئاسمانییەوە هیچ تەنێکی نامۆیان بەدی نەکردووە کە ئاسمانی ئیسرائیلی بەزاندبێت تاوەکوو زەنگی هۆشیارکەرەوە لێبدات.

لەلایەن خۆیەوە یەحیا سەریع گوتەبێژی چەکداری گرووپی ئەنساروڵڵای حووسییەکانی یەمەن لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس بڵاویکردووتەوە لە هێرشێکی جۆریی و تایبەتدا ئەلئەڤیڤی ئیسرائیلیان کردووەتە ئامانج و دواتر چۆنێتی ئۆپراسیۆنە جۆرییەکە ئاشکرا دەکەن.

لە دوای هێرشی سوپای ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە، چەکدارە حووسییەکانی یەمەن و گرووپەکانی بەرەی موقاوەمە لە عێراق و لوبنانەوە وەک پشتیوانییەک بۆ چەکدارانی بزووتنەوەی حەماسی فەڵەستین بە مووشەک و درۆن کەوتوونەتە هێرشکردنە سەر ئیسرائیل، بە تایبەت لە دەریای سوور حووسییەکان بوونەتە هەڕەشەیەکی کاریگەر لەسەر جووڵەی بازرگانی دەریایی.