سه‌عدی ته‌یب: زۆربه‌ی سه‌گه‌بێلانه‌كان هه‌ڵگری نه‌خۆشین

له ڕاپه‌ڕین 231 حاڵه‌تی په‌لاماردان له لایه‌ن سه‌گی بێلانه‌وه له ماوه‌ی شه‌ش مانگی ڕابردوو تۆمار كراون، هاوكات به‌ڕێوه‌به‌ری ڤێته‌رنه‌ری ڕاپه‌ڕین ئاماژه به‌وه ده‌كات، ئاژه‌ڵی نێو شێڵته‌ره‌كان پێویستیان به چاودێریی ته‌ندروستی هه‌یه؛ ده‌شڵێت، خواردنی زیاده‌ی ماڵان كه فڕێ ده‌درێت، باشتر وایه كۆ بكرێته‌وه و بۆ سه‌گی شێڵته‌ره‌كان ببردرێت.
ڕۆژی هه‌ینی 19ـی ته‌ممووزی 2024، سه‌عدی ته‌یب، به‌ڕێوه‌به‌ری ڤێته‌رنه‌ری ڕاپه‌ڕین تایبه‌ت به كوردستان24 گوتی، زۆربه‌ی سه‌گه‌بێلانه‌كان هه‌ڵگری نه‌خۆشین.
سه‌عدی ته‌یب ئاماژه‌ی به‌وه كرد، باشترین چاره بۆ كۆنترۆڵكردنی سه‌گی بێلایه‌ن و سه‌لامه‌تی هاووڵاتییان، بریتییه له دروستكردنی شه‌ڵته‌ر له هه‌موو شار و شارۆچكه‌كانی هه‌رێمی كوردستان.
به‌ڕێوه‌به‌ری ڤێته‌رنه‌ری ڕاپه‌ڕین باسی له‌وه‌یش كرد، ده‌كرێت حكوومه‌ت له ڕێگه‌ی لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌كان دیارده‌ی سه‌گی بێلایه‌نه چاره بكات و بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌سش هاووڵاتیان هان بدات و جۆرێك له هه‌لی كاریان بۆ بدۆزێته‌وه.
ناوبراو گوتیشی، ده‌كرێت كۆنترۆلكردنی سه‌گی بێلایه‌نه له ڕێگه‌ی (چه‌كی به‌نجكه‌ر)ـوه بێت، پاشان هه‌ڵبگیرێته‌وه و بۆ شوێنی مه‌به‌ست بگوازرێته‌وه.
ڕۆژی (چوارشه‌ممه 1ـی تشرینی دووه‌می 2023) نه‌به‌ز عه‌بدولحه‌مید، قایمقامی هه‌ولێر تایبه‌ت به كوردستان24 رایگه‌یاند، بۆ كۆنتڕۆڵكردن و كه‌مكردنه‌وه‌ی كاریگه‌رییه نه‌رێنییه‌كانی بوونی سه‌گه‌بێلانه‌كان له‌ناو شاری هه‌ولێر و پاراستنی سیمای شارستانی شار و له‌پێناو سه‌لامه‌تی هاووڵاتییان، بڕیار درا به دروستكردنی شه‌ڵته‌رێك له ده‌ره‌وه‌ی پارێزگای هه‌ولێر.
قایمقامی هه‌ولێر له به‌شێكی دیكه‌ی قسه‌كانیدا ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، كاریگه‌رییه نه‌رێنییه‌كانی بوونی سه‌گه‌بێلانه‌كان له‌ناو شاری هه‌ولێر و ده‌وروبه‌ری تا راده‌یه‌ك بووبووه دیارده‌یه‌ك كه زیانی زۆری به هاووڵاتییان دروست كردبوو، به‌شێوه‌یه‌ك كاریگه‌رییه‌كان گه‌یشتبووه راده‌ی گیانله‌ده‌ستان و برینداربوونی منداڵ و به‌ساڵاچووان.
نه‌به‌ز عه‌بدولحه‌مید باسی له‌وه‌ش كرد، كه دوای ئه‌و رووداوه نه‌خوازراوانه بڕیار درا به دروستكردنی شه‌ڵته‌رێك بۆ ئه‌و سه‌گه‌بێلانانه، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش داوای له سه‌رۆكایه‌تی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان كردووه، بۆ ئه‌وه‌ی بوودجه‌یه‌كی زیاتر له 450 ملیۆن دیناری بۆ دروستكردنی ئه‌و شه‌ڵته‌ره ته‌رخان بكات.
روونیشیكرده‌وه، دوای ئه‌وه‌ی پارچه‌زه‌وییه‌كی بیست دۆنمی له‌سه‌ر رێگای نێوان هه‌ولێر – گوێڕ بۆ دروستكردنی ئه‌و شه‌ڵته‌ره ته‌رخان كرا، ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانیش ره‌زامه‌ندی دا به خه‌رجكردنی بڕی زیاتر له‌و 450 ملیۆن دیناره‌ی داواكرابوو و پاشان توانرا له ماوه‌ی دوو مانگدا ئه‌و شه‌ڵته‌ره دروست بكرێت.
نه‌به‌ز عه‌بدولحه‌مید گوتیشی، ئه‌و شه‌ڵته‌ره ئێستا كارگێڕییه‌كی بۆ دانراوه و له رێگای به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ژینگه‌پارێزی و خزمه‌تگوزاری سه‌رۆكایه‌تی شاره‌وانی هه‌ولێر كاره‌كانی ئه‌نجام ده‌دات و هیچ كێشه‌یه‌ك له به‌ڕێوه‌بردنیدا نه‌ماوه. گوتیشی، تا ئێستا 1600 سه‌گ له‌و شه‌ڵته‌ره كۆكراونه‌ته‌وه و تیمه‌كانیش به‌رده‌وامن له گواستنه‌وه‌ی سه‌گه‌بێلایه‌نه‌كان بۆ ناو شه‌ڵته‌ره‌كه.