شێوەی پێکهاتەی کابینەی پزیشکیان نەریتخوازەکان توڕە دەکات

محەممەد جەواد زەریف - مەسعود پزیشکیان سەرۆککۆماری ئێران
محەممەد جەواد زەریف - مەسعود پزیشکیان سەرۆککۆماری ئێران

محەمەدجەواد زەریف، سەرۆکی ئەنجوومەنی ستراتیژیی قۆناغی گواستنەوەی دەسەڵاتی حکوومەتی کۆماری ئیسلامی ئێران لە لێدوانێکیدا بۆ تەلەڤزیۆنی فەرمیی وڵاتەکەی شێوازی کابینەکەی مەسعود پزیشکیان ئاشكرا دەکات و ئەوەش کاردانەوەی لە نێوان نەریتخوازەکان لێکەوتووەتەوە.

سەرۆکی ئەنجوومەنی ستراتیژیی قۆناغی گواستنەوەی حکوومەت لە ئێران ڕاگەیاندووە، لە پرۆسەی هەڵبژاردنی کەسانی پێشنیارکراو بۆ پۆستی وەزارەتەکانی کابینەی نوێ، ئەگەر کاندیدەکە ئافرەت بێت 10 خاڵی پێ دەدرێت، بەڵام ئەگەر پیاو بێت هیچ خاڵێکی پێ نادرێت.

هەر بە گوتەی زەریف ئەگەر کاندیدەکە سەر بە پێکهاتەی زۆرینەی شیعە بێت هیچ خاڵێک وەرناگرێت، بەڵام 10 خاڵ بە کەسانی سەر بە پێکهاتە ئایینییە فەرمییەکانی دیکەی وڵات دەدرێت. 

ئەم گوتانەی محەمەدجەواد زەریف کاردانەوەی توندی دژبەرانی سەرۆککۆماری نوێ، بەتایبەتی باڵی بەریتخوازەکان و لایەنگرانی سەعید جەلیلیی لێکەوتووەتەوە کە لە هەڵبژاردنەکاندا ڕکابەری سەرەکیی مەسعود پزیشکیان بوون.

حسێن شەریعەتمەداری، سەرنووسەر و نوێنەری ئایەتوڵلا خامنەیی لە ڕۆژنامەی کەیهان، وتەکانی زەریف بە پێچەوانەی دەستوور و بنەما ئیسلامییەکانی کۆماری ئێران ناو بردووە و نووسیویەتی، لە کەیەوە شیعەبوون لە کۆماری ئیسلامیدا بە نەرێنی دانراوە کە کاندیدی ئاینییە فەرمییەکانی دیکە خاڵیان هەبێت و کاندیدی شیعە نەیبێت. 

هاوکات بەشێک لە دژبەران پرسیاری ئەوە دەکەن، بۆچی ڕەگەز و ئایین کراونەتە بنەمای پێدانی خاڵ و ئەوە بە یاریکردن لە گۆڕەپانی بەریتانیادا وەسف دەکەن.

محەمەدجەواد زەریف لە وەڵامی یەکێک لەو کەسانەدا لە تۆڕی ئێکس نووسیویەتی، ئەوەی لە تەلەڤزیۆنەوە خرایە ڕوو، هەوڵی کابینەی چواردەیە بۆ بەشداریی بەربڵاوتری خانمان و گەلان و ئایینەکان لە حکوومەتدا.

زەریف لەو لێدوانە تەلەڤزیۆنییەدا ئاماژەی بەوەش دا، کابینەی مەسعود پزیشکیان کابینەی یەکێتیی نیشتمانی دەبێت، نەک هاوپەیمانی، بەڵام بڕیار نییە لە کابینەی نوێدا کەسانێک بەشدار بن کە پشتیوانی لە گوتار و پلانی سەرۆکی هەڵبژێردراو نەکەن.

دوای بەڕێوەچوونی دووی گەڕی هەڵبژاردنی پێشوەختەی سەرۆکایەتی کۆماری ئێران، هەینی 5ی تەممووزی 2024، مەسعود پزیشکیان تاکە کاندیدی ڕیفۆرمخوازەکان بە دەنگی زۆرینە توانی بەرانبەر بە کاندیدی نەریتخوازەکان، سەعید جەلیلی، هەڵبژاردنی چواردەهەمین خولی سەرۆکایەتیی کۆماری ئێرانی بردەوە و بوو بە نۆیەمین سەرۆکی کۆماری ئیسلامیی ئێران.

هەروەها بڕیارە لە 30ی ئەم مانگە سەرۆککۆماری نوێی ئێران کاندیدانی پۆستە وەزارییەکە کابینەکەی بباتە پەرلەمان و بۆ ئەوەی دوای پەسەندکردنی کابینەکە وەزیرەکان سوێندی بخۆن و حکوومەتی نوێ دەست بەکار بێت.