قەرەباڵغی بەغدای خنکاندووە

كردنەوەی ژماریەك پردوو بەرزە پرد لە بەغدای پایتەختی عێراق تەنیا کەمێک کێشەی جەنجاڵی لە ڕیزبەستنی ئۆتۆمبێلەکان لە شەقامەکاندا کەمکردووەتەوە.

هۆکاری سەرەکی جەنجاڵی لە بەغدا دەگەڕێندرێتەوە بۆ نەبوونی سیستەمێکی سەردەمیانەی هاتووچۆ ، بەبۆچوونی هاووڵاتییان پێویستە لە ڕێگەی دروستکردنی شەقامی دەرەکی فشارەکانی هاتووچۆ لەناو سەنتەری شارەکان کەم بکرێتەوە.

هاووڵاتییەک دەڵێ "پێویستمان بە چارەی زۆرە، هەنگاو یەکەم فراوانکردنی شار و بنیاتنانی ڕێگەی بازنەیی بۆ ئەوەی لە ڕۆژئاوا بۆ ڕۆژهەڵات هاتووچۆ بکەین، نەک هەموو هاتووچۆکان بە ناوشاردا بکرێن، هەروەها پێویستیمان بە کاراکردنی کامێرەکانی چاودێری هاتووچۆ و سیستەمێکی زیرەکی هاتووچۆیە".

هاووڵاتییەکی دیکەی دانیشتووی بەغدا دەڵێ "پیوێستە پردەکان بە ڕێگە خێراکانەوە ببەسترێنەوە بۆ ئەوەی جەنجاڵی کەم ببێتەوە و هاتووچۆ لە دەرەوەی شارەوە بێت، بەڵام ئەگەر لە ناو شارەکاندا بێت ئەم کێشەیە لە هەموو چوار ڕیانەکان دەمێنێتەوە".

بەشێک لە پسپۆڕان نامەیەکیان ئاراستەی لایەنە پەیوەندیدارەکانی کردووە و داوا دەکەن لایەنە پەیوەندیدارەكان لە بەغدا سوود لە ئەزموونی وڵاتانی ئەوروپا یان هەرێمی کوردستان وەربگرن لە دروستکردنی ڕێگەی بازنەیی خێرا لە پێناو کەمکردنەوەی جەنجاڵی هاتووچۆ.

لەمبارەوە ئەنوار ئەلمووسەوی چالاکی مەدەنی دەڵێ "بەرپرسان لە وڵاتان ڕێگەی ئاست بەرزیان بۆ دەرەوەی شارەکان بەردەستکردووە کە خۆی لە ڕێگەی بازنەیی و بەستنەوەیان بەشارەکان دەبینێتەوە، لە هەندێک شاردا بە سەر پردێکی 100 مەتریدا تێپەڕ دەبی، بە بڕوای من کوردستان سەرکەوتنێکی گەورەی لە دروستکردنی ئەو ڕێگانەدا بەدەستهێناوە هەڵبەتە ئەوە شتێکی زۆر سەرنجڕاکێشە بەوپێیەی هێڵەکە خزمەتگوزاریەکی سەردەمیانەی جیهانییە".

لەگەڵ ئەوەی پێنج ملیۆن ئۆتۆمبێل لە بەغدای پایتەختی عێراق هەن، بەڵام لاوازی سیستەمی هاتووچۆ و سیستەمەکانی دیکە، وایکردووە لایەنە پەیوەندیدارەکان دەستەوئەژنۆ بکەون و ببنەی تەماشاکاری دۆخەکە و نەتوانن پلانێکی ڕزگارکردنی بەغدا لە خنکانی قەرەباڵغی دابڕێژن و هیچ نەبێت کەمێک لە جەنجاڵیی ڕێگە و شەقامەکانی ناو شارەکە کەم بکەنەوە.

بەهۆی ئەو قەرەباڵغیەی لە بە‌‌غدا، ئیبراهیم سوودانی پسپۆری ژینگەیی هۆشداری لە کارەسات و دۆخێکی خراپی پیسبوونی ژینگەی بەغدا داوە و ڕایگەیاندووە، بەگوێرەی ئەو ئامارانەی لەبەردەستی هەیە، بەغدا لە ئاستی وڵاتانی عەرەبی پیسترین ژینگە و هەوای هەیە.