ئهمهریكا پێشوازی لە گەڕاندنەوەی هاووڵاتییانی قیرغیزستان له كهمپەکانی هۆل و ڕۆژ دەکات
K24 – هەولێر:
وهزارهتی دهرهوهی ئهمهریكا لهبارهی گهڕاندنهوهی هاووڵاتییان له كهمپەکانی هۆل و ڕۆژ بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و پێشوازی لە گەڕاندنەوەی هاووڵاتییانی قیرغیزستان لەو کەمپانە دەکات.
ڕۆژی (19ـی تەمموزی 2024) وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لە بەیاننامەیەکدا ئاماژەی بەوەکردووە: گەڕاندنەوەی هاووڵاتییانی قیرغیزستان لە کەمپی هۆل و ڕۆژ جێگەی دەستخۆشییە.
لەبارەی ئامارەکانەوە، وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ڕایگەیاندووە: 22 ئافرەت و منداڵی قیرغیزی گەڕێندراونەتەوە، لە کاتێکدا لە 2023ـەوە تاوەکوو ئێستا 454 هاووڵاتی قیرغیزستان له كهمپەکانی هۆل و ڕۆژەوە گەڕێندراونەتەوە.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ئاشکراشی کردووە: ئەمساڵ 228 هاووڵاتی لە کەمپەکانی هۆل و ڕۆژ گەڕێندراونەتەوە.
سەرەتای ئەم مانگەش، بەشی چاودێرانی منداڵانی ڕووسیا ڕایگەیاند، بە هاوکاریی ماریا لۆڤا بیلۆڤا، کۆمیسیاری سەرۆکایەتیی بۆ مافەکانی منداڵان، 20 منداڵی ڕووس، کە لە کەمپی هۆل بوون گەڕێنراونەتەوە وڵاتەکانیان.
ڕۆژی 9ـی ئایاری 2024، پات ڕایدەر، گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئەمەریکا "پێنتاگۆن" لە وەڵامی عیسا حەسەن پەیامنێری کوردستان24 گوتی: "ئامانجی سەرەكیی ئێمە ئەوەیە ئەو چەكدارە بیانیانەی داعش لە كەمپی هۆلن، بیانگەڕێنینەوە وڵاتەكانیان بۆئەوەی بەگوێرەی یاسای ئەو وڵاتانە مامەڵیان لەگەڵدا بكرێت".
کەمپی هۆل، دەکەوێتە باشووری شارۆچکەی هۆل لە پارێزگای حەسەکە و کەمپی "ڕۆژ" دەکەوێتە ناوچەی دێرکی ڕۆژئاوای کوردستان، کەمپەکە کەوتووەتە ژێر دەسەڵاتی ئیدارەی خۆسەر، هێزەکانی سووریای دیمەکرات (هەسەدە) پاسەوان و بەڕێوەبەری کاروباریی تەناهیی کەمپەکەن.
جگە لە کەمپی هۆل، هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) زیندانی غوێران لە پارێزگای حەسەکە بەڕێوەدەبن کە نزیکەی سێ هەزار چەکداری داعشی تێدایە. لە شوباتی ساڵی 2022، چەکدارانی داعش هەوڵیان دا زیندانەکە بشکێنن و گیراوانی ئازاد بکەن. لە ئەنجامی ڕووبەڕووبوونەوەکەدا کە نزیکەی 10 ڕۆژی خایاند، نزیکەی 500 چەکداری داعش کوژران کە بەشێکیان گیراوانی نێو زیندانەکە بوون.
ڕاگیراوانی کەمپەکە و زیندانانی غوەیران هاووڵاتیی 20 وڵاتی جیاوازن، کە لە نێویاندا ئەورووپایی، چینی و تورک هەن. بەشێک لە وڵاتان ڕەتییان کردووەتەوە کە ئەو هاووڵاتییانەوە وەربگرنەوە کە پێشتر چوونەتە ڕیزەکانی داعش بە پاساوی ئەوەی کە بیری توندڕەوەی هێشتا بەسەریاندا زاڵە.
هەر لەدرێژەی پلانی داخستنی ئەو کەمپانەدا و بە هاوکاریی ڕێکخراوەکانی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی، ڕۆژی 28ـی نیسانی ئەمساڵ حکوومەتی عێراق 191 خێزان کە 714 کەسی لەخۆگرتبوو لە کەمپی هۆل گواستەوە بۆ کەمپی جەدعە لە باشووری شاری مووسڵ.
ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان و فەرماندەی ناوەندیی هێزەکانی ئەمەریکا لە چەندین بۆنەی جیاوازدا هۆشداریان داوە لەو مەترسیانەی لە کەمپەکانەوە سەرهەڵدەدەن بەو پێیەی منداڵانی دانیشتووی نێو کەمپەکە لەلایەن دایکیانەوە فێری توندڕەوی دەکرێن.