عەلی بەرزنجی: زۆر خواردنی شەکر مرۆڤ تووشی ئاڵودەبوون دەکات

عەلی بەرزنجی، پزیشکی پسپۆری هەناو و شەکرە
عەلی بەرزنجی، پزیشکی پسپۆری هەناو و شەکرە

K24 – هەولێر:

پزیشکێکی پسپۆری هەناو و شەکرە، ئاماژە بەوە دەکات، زۆر خواردنی شەکر دەبێتە هۆی دڵتەنگی و قەڵەوی، هەروەها زۆر جار دەبێتە هۆی جەڵتەی مێشک و دڵ.

عەلی بەرزنجی، پزیشکی پسپۆری هەناو و شەکرە، لەمیانەی بەشداریی لە گەشتێکی هەواڵەکانی کوردستان24ـدا، گوتی: لەشمان ڕۆژانە تا ڕادەیەک پێویستی بە شەکر هەیە، بەڵام ئەگەر زیاد لە پێویست شەکر بەکاربهێنین زیانی دەبێت بۆ تەندروستی، بە تایبەتی شەکری سپی.

ئەو پزیشکە دەڵێت: زۆر بەکارهێنانی شەکر دەبێتە هۆی ئاڵودەبوون، ئەمەش دەبێتە هۆی زیانگەیاندن بە ددان و بە پووک، هاوکات دەبێتە هۆی نەخۆشی شەکرەش، جگە لەوەش دەبێتە هۆی جەڵەتی دڵ و مێشک.

ناوبراو هەر لەبارەی زیانەکانی زۆر بەکارهێنانی شەکرەوە گوتی: کاریگەری دەبێت لەسەر کەسەکە و دەبێتە هۆی دڵتەنگی و قەڵەوی، هەروەها دەبێتە هۆی زیان گەیاندن بە جومگەش.

جەختی لەوەش کردەوە، زۆر خواردنی شەکر وادەکات بەشێکی ئەو شەکرە لەناو لەش بگۆڕێت بۆ چەوری، هەروەها هۆکاری سەرەکیشە بۆ تووشبوون بە شێرپەنجە.

عەلی بەرزنجی، گوتی: لەبری شەکری دەستکرد، پێویستە ئەو خواردنە سرووشتیانە بخۆین کە شەکری تێدایە، بەڵام زۆر خواردنی ئەو خواردنانەش هەمان زیانی شەکری دەستکردی دەبێت.

ناوبراو هاووڵاتییان ئاگادار دەکاتەوە و دەڵێت: هەوڵ بدەن ئەو خواردنانەی کە شەکری تێدایە زیاتر بە بەیانیان بیخۆن، چونکە ئەگەر بە شەوان بخورێت شەکرەکە لە جەستەدا ناسوتێت و دەگۆڕێت بۆ چەوری.

Fly Erbil Advertisment