بلینکن: ئێران ڕێگرە لە دامەزراندنی دەوڵەتی فەڵەستین

ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا لە کۆڕبەندی کۆلۆرادۆ بۆ ئاسایش (وێنە - AFP)
ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا لە کۆڕبەندی کۆلۆرادۆ بۆ ئاسایش (وێنە - AFP)

 وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا، ئەنتۆنی بلینکن، کۆماری ئیسلامیی ئێرانی تۆمەتبار کرد بەوەی ڕێگریی لە دامەزراندنی دەوڵەتی فەڵەستین دەکات.

بلینکن، لە گوتارێکیدا لە کۆڕبەندی کۆلۆرادۆ بۆ ئاسایش گوتی: ئێران و حەماس هەماهەنگ و هۆکارن لە کۆتایی نەهاتنی شەڕی غەززە و چارەکردنی پرسی فەڵەستین و ئیسرائیل. گوتیشی: هەردووکیان ڕێگرن لە چارەکردنی ئاڵۆزییەکان بە دامەزراندنی دوو دەوڵەتی هاوتا بۆ فەلەستین و ئیسرائیل.

هەر لە بارەی شەڕی غەززەوە، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا گوتی: لەلایەن ئیسرائیل و حەماسەوە ڕەزامەندی دراوە بۆ ئەوەی کار لەسەر پێشنیازەکەی سەرۆک بایدن بکەین بۆ ئاگربەست و ڕاگرتنی شەڕ، بەڵام هێشتا هەندێک کێشە هەن، پێویستیان بە دانووستان و چارە هەیە، ئیستاش ئێمە 10 هەنگاوی کۆتاییداین، کە قورسترین قۆناغەکانی هەنگاوەکانە.

هەر لە بارەی ئێرانەوە، ئەنتۆنی بلینکن گوتی: بەهۆی هەڵوەشاندنەوەی ڕێککەوتنی ئەتۆمییەوە دۆخی ئێران جێگەی گومانە و لە دوو هەفتەی داهاتوودا تاران هەموو ئەو ماددە و کەرەستانەی دەست دەکەوێت کە بۆ دروستکردنی چەکی ئەتۆمی پێویستن.

گوتیشی: لەچەند هەفتەی ڕابردوودا ئێران هەنگاوی گەورەی بۆ دروستکردنی چەکی ئەتۆمی ناوە، بەڵام ئەمەریکا دژی دەستگەیشتنی ئێرانە بە چەکی ئەتۆمی و لەم پێناوەشدا هەوڵەکانی دەخاتەوە گەڕ.