هاوپەیمانیی عەرەبی: یەکێتیی لە دواکەوتنی پێکهێنانی حکوومەتی خۆجێیی کەرکووک بەرپرسیارە

هۆڵی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک (وێنە: هێمن دەلۆ - کوردستان24)
هۆڵی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک (وێنە: هێمن دەلۆ - کوردستان24)

هاوپەیمانیی عەرەبی، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە هۆی دواکەوتنی پێکهێنانی حکوومەتی خۆجێیی کەرکووک دەزانێت.

ئیبراهیم محەممەد حافز، ئەندامی فراکسیۆنی هاوپەیمانیی عەرەبی لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک ڕایگەیاند، "هۆی دواکەوتنی پێکهێنانی حکوومەتی خۆجێی کەرکووک یەکێتییە، چونکە هیچ جۆرە سازشێک ناکەن و سوورن لەسەر ئەوەی پارێزگار لای ئەوان بێت".

بە گوتەی ئەو ئەندامەی هاوپەیمانیی عەرەبی، لێکگەشتن لە نێوان عەرەب و تورکمان هەیە بۆ ڕێککەوتن لەسەر پێکهێنانی حکوومەتی خۆجێیی کەرکووک، "چونکە هەر جۆرە دواکەوتنێکی دیکە لە پرۆسەکە، زیان بە خەڵک دەگەیەنێت".

ئیبراهیم محەممەد جەختی کردەوە، وەک هاوپەیمانیی عەرەبی، پێیان باشە پارێزگاری کەرکووک بە نۆرە بێت لەنێوان پێکهاتەکان، بەڵام یەکێتی سوورە لەسەر ئەوەی پۆستەکە بۆ ئەو بێت، ئەمەش چەقەبەستوویی سیاسی دروست کردووە.

پێنجشەممە، 11-07-2024، دوای نزیکەی هەشت مانگ لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی ئەنجـوومەنی پارێزگای کەرکووک؛ ئەنجوومەنەکە بۆ جاری یەکەم بە بەشداریی هەموو فراکسیۆنە سیاسییەکان کۆبووەوە. ڕاکان جبووری، پارێزگاری بە وەکالەتی کەرکووک وەکوو بەتەمەنترین ئەندامی ئەنجوومەنەکە، سەرپەرشتیی یەکەمین کۆبوونەوەی کرد.

بە گوێرەی یاسا، دوای بەڕێوەچوونی یەکەم کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک؛ ماوەی مانگێک مۆڵەت دەدرێتە لایەنە سیاسییەکان تاوەکوو لەسەر هەڵبژاردنی پارێزگار، سەرۆکی ئەنجوومەن و جێگرەکانی ڕێک بکەون.

ڕۆژانی 16 و 18ـی کانوونی یەکەمی 2023، پرۆسەی دەنگدانی تایبەت و گشتی بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک و 14 پارێزگای دیکەی عێراق بەڕێوە چوو.

کۆی گشتیی ژمارەی کورسییەکانی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک 16 کورسین و ژمارەی کورسیی لایەنەکانیش لە دوایین هەڵبژاردن، بەم شێوەیە بوو:

1. کورد: حەوت کورسی (یەکێتی پێنج و پارتیش دوو)

2. عەرەب: شەش کورسی

3. تورکمان: دوو کورسی

4. یەک کورسیش بۆ کۆتای کریستییان

Fly Erbil Advertisment