ڕۆژنامەیەک.. داعش جموجۆڵەکانی لە عێراق و ناوچەکە زیاد کردووە

ڕۆژنامەی "زە گاردیانی" بەریتانی ڕاپۆرتێکی دەربارەی جموجوڵەکانی ئەم دواییانەی داعش لە عێراق، سووریا، یەمەن و میسر بڵاوکردووەتەوە و تیایدا باس لەوە دەکات "ئاڵۆزییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و شەڕی غەززە زەمینەیەکی باشیان بۆ خۆڕێکخستنەوەی داعش و قاعیدەیان گونجاندووە".
ئاڵۆزیی و پێکدادانەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست خاکێکی بەپیتن بۆ خۆڕێکخستنەوە و بەهێزبوونەوەی گروپە تیرۆرسیتییەکانی هاوشێوەی داعش و قاعیدە.
ڕۆژنامەی 'زە گاردیانی' بەریتانی ڕاپۆرتێکی دەربارەی مەترسیی سەرهەڵدانەوەی گروپە تیرۆریستییەکانی هاوشێوەی داعش و قاعیدە لە عێراق بڵاو کردووەتەوە و تیایدا سەرنجی خستووەتە سەر چەند خاڵێک کە زەمینە بۆ گەشەکردن و بەهێزکردنەوەی ئەو گروپانە خۆش دەکەن.
زە گاردیان. باس لەوە دەکات، پێکدادانەکان و بەتایبەتی شەڕی غەززە، کەشێکی لەباری دروست کردووە بۆ ئەوەی گروپە چەکدارەکان خۆیان ڕێک بخەنەوە و جارێکی دیکە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ببنە مایەی مەترسی.
بەگوێرەی 'زە گاردیان' هێرشەکانی داعش بەم دواییانە لە نیمچە دوورگەی سینا زۆر توندتر و کوشندەتر بوون. لە سووریا وعێراق بەدريژایی ئەمساڵ زیاتر لە 150 هێرشیان کردووەتە سەر هێزەکانی سووریای دیموکرات هێزە عێراقییەکان.
هەروەها داعش لە عێراقیش بەتەواوەتی بنبڕ نەکراوە و ناوبەناو گورز دەوەشێنێت. لەهەوڵی کردنەوەی لقیشدایە لە سنووری یەمەن.
ئەم ڕاپۆرتەی 'زە گاردیان' لە کاتێکدایە، نوێترین کردەوەی تیرۆریستی داعش هێرشکردنە سەر شارەدێی قەرەهەنجیر و شەهیدکردنی کارمەندێکی ئاسایش بوو لەو سنوورە.
ئەو شوێنانەی داعش زۆرترین جار پەلاماریان دەدات بریتین لە سێگۆشەی کەرکووک - سەڵاحەددین- دیالە، ئەوە لەگەڵ زنجیرە چیاکانی حەمرین، هۆی سەرەکی مانەوەی پاشماوەکانی داعش و چالاکییەکانیان سوود وەرگرتنەوە لەو بۆشاییە ئەمنیانەی لەنێوان هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراق، هۆی پڕنەکردنەوەی ئەم بۆشاییە ئەمنیەش بۆ خەمساردیی حکوومەتی عێراق و ڕێگریی لە دەستبەکاربوونی ئەو دوو لیوا هاوبەشە دەگەڕێتەوە کە بۆ پاراستنی ئەو ناوچانە پێک هێنراون.
بەرپرسانی عێراق سوورن لەسەر ئەوەی داعش چیتر هەڕەشە نییە و پێویستە هێزەکانی هاوپەیمانان بکشێننەوە، بەڵام ئاماری هێرش و مەترسییەکانی ئەو گروپە لە حەوت مانگی ڕابردوودا پێچەوانەی قسەی بەرپرسانی عێراق دەسەلمێنن.