دەرهێنانی بەردی چیاکانی هەورامان سرووشتی ناوچەکەی تێک داوە

لە کانەبەردەکانی هەورامان، بەچڕئ دەست بە دەرهێنانی بەرد کراوە بۆ ئەوەی لە بیناسازیدا بەکار بهێنرێن، بەڵام ئەمە نیگەرانیی بەشێک لە هاووڵاتییان و ژینگەدۆستانی لێ کەوتووەتەوە.

بە دووری 12 کیلۆمەتر لە شارۆچکەی خورماڵ، شاخەکانی گوندی "هانەی دن"  بە مەبەستی دەرهێنانی بەردی بیناسازی هەڵدەکۆڵرێن. بە گوتەی هاووڵاتییان، لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا، زیاتر لە 500 هەزار دار و گیای دەڤەرەکە، بە هۆی دەرهێنانی بەرد، لەناوچوونە.

لە شاخەکانی هەردوو گوندی باخەکۆن و گوڵپ لە سنووری هەورامان، هیچ دار و گیایەک نییە و لە چەندان کانە بەردیشدا کار تێدا دەکرێت. ئەگەر چی چەند ڕۆژێکە کار لەم کانەبەردانە ڕاگیراوە، بەڵام بە گوتەی خاوەنی یەکێک لەو کانەبەردانە، بەردێک بە ناوی "مارلی لایمستۆن" دەردەهێنن کە بۆ کاری بیناسازی باشە و بۆ وەرەزەکان گونجاوە، کانەکەشی بە هۆی "هەڵکەوتەی جوگرافی" مۆڵەتی کاری پێ دراوە .

لاوکۆ هەورامان، خاوەنی کانەبەردەکە بە کوردستان24ـی گوت، "زۆرینەی وڵاتانی دەوروبەرمان بەرد بۆ کاری بیناسازی و بە تایبەت دروستکردنی خانوو بەکاردەهێنن، چونکە زیاتر بەرگەی سەرما دەگرێت، ئەو بەردەی لە ناوچەی هەورامانیش هەمانە، زۆر تایبەتە و سوودی زۆری هەیە".

بەردی  هەورامان لەم چەند ساڵەی ڕابردوودا ناوبانگی زۆری هەبووە و لە قەد پاڵی شاخ دەردەهێندرێت، دەشکێندرێت، لەلایەن وەستای تایبەتەوە دەکرێتە قاڵب و پاشان ڕەوانەی شارەکانی دەکەن.

 سوبحان حوسێن، پسپۆڕی ژینگەیی ناوچەکە  بە ئاماژە بەوەی ناوچەی هەورامان هەمیشە بەردی بە کارهێناوە بۆ بیناسازی، ئەوە دەخاتە ڕوو، "نابێت بەهۆی دەرهێنانی بەرد لە شاخەکاندا، سرووشتی هەورامان تێک بدرێت و دار و گیاکانی لەناو ببرێن".

بە گوتەی ئەو پسپۆڕە ژینگەییە "دەرهێنانی بەرد لە کانەکان، دەبێتە هۆی کۆچی باڵندە و ئاژەڵی کێوی لەو شوێنانە؛ لە هەمان کاتدا بەهۆی تێکدانی سرووشت، کاریگەریی نەرێنی لەسەر هاتنی گەشتیاران بۆ ناوچە گەشتیارییەکان دەبێت"