شێروان دووبەردانی: کورد و شیعە چاوەڕێی کاندیدێکی هاوبەشی سوننەن

شێروان دووبەردانی، ئەندامی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق
شێروان دووبەردانی، ئەندامی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق

شێروان دووبەردانی نوێنەری کوردستان لە پەرلەمانی عێراق بە کوردستان24 ڕاگەیاند، یەکلاکردنەوەی پرسی هەڵبژاردنی سەرۆکی نوێی پەرلەمان هێشتا لە نێو ماڵی سوننەدا دەخولێتەوە و دوو ڕۆژیان لەبەردەم ماوە بۆ ئەوەی لەسەر یەک کاندید ڕێک بکەون.

دووبەردانی گوتی: لە سەردانەکەی سەرۆک بارزانی بۆ بە‌غدا، کۆبوونەوە لەگەڵ لایەنەکانی شیعە و سوننە کراوە و ڕێککەوتن سوننەکان نێو ماڵی خۆیان ڕێک بخەنەوە و یەک کاندیدیان بۆ پۆستی سەرۆکی پەرلەمان هەبێت. بڕیارە دووشەممەی داهاتوو چوارچێوەی هەماهەنگی کۆ ببێتەوە و دوا بڕیار بدات، هەربۆیە چاوەڕێ دەکەین لەم یەک دوو ڕۆژەدا سوننەکان خۆیان یەکلا بکەنەوە.

گوتیشی لەسەر دەستی سەرۆک بارزانی ڕیککەوتنێک کراوە بۆ ئەوەی ماددەی 12ی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی عێراق هەموار بکرێتەوە، بەڵام بەو مەرجەی سوننەکان واز لە فرە کاندیدی بۆ پڕکردنەوەی پۆستی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق بێنن، چونکە لایەنە سیاسییەکان پابەندن بەو ڕێککەوتنەی لەسەر دەستی سەرۆک بارزانی کراوە و چاوەڕێی هەنگاوی سوننەکان دەکرێت.

شێروان دووبەردانی زیاتر ڕوونی کردەوە "دەبێت ماڵی سوننەکان لە نێوخۆیاندا لەسەر دانانی یەک کاندیدی هاوبەش ڕێککەون و ناوەکەی بدەنە چوارچێوەی هەماهەنگیی و کورد بۆ ئەوەی ماددەی 12 پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان هەموار بکرێتەوە و لە کۆبوونەوەی پەرلەمان دەنگی لەسەر بدرێت".

هەروەها ئاماژەشی دا "پەرلەمانی عێراق بەبێ ڕێککەوتنی سیاسیی نێوان لایەنەکانی پێکهێنەری هاوپەیمانیی ئیدارەی دەوڵەت ناتوانن هیچ یاسایەک تێپەڕێنن، بەڵام ئەگەر سوننەکان ڕێک نەکەون ئەوە هاوپەیمانی چوارچێوەی هەماهەنگیی دوور نییە بە دەنگی زۆرینە لە نێوان کاندیدەکانی سوننە سەرۆکێک بۆ پەرلەمانی عێراق پەسەند بکات".

دوای زیاتر لە 40 ڕۆژ، ئەمڕۆ شەممە 20ی تەممووزی 2024،  پشووی وەرزی یەکەمی یاسادانانی پەرلەمانی عێراق کۆتاییهات و بە گوێرەی کارنامەی کۆبوونەوەی ئەمڕۆ دەبوایە کاتژمێر 11ی پێشنیوەڕۆ کۆبوونەوە دەستی پێ بۆ بکردایە، هەرچەندە پرسی هەڵبژاردنی سەرۆکی نوێی پەرلەمان لە کارنامەکەدا نییە، بەڵام بەهۆی ئامادە نەبوونی ژمارەیەک لە پەرلەمانتاران، دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی بۆ ماوەیەکی کاتی کۆبوونەوەی دواخست.