بەغدا.. گەندەڵییەکی خەیاڵی لە پڕۆژەیەکی دارچاندندا کراوە

"چاندنی ڕیزێک دار بەدرێژایی یەك کیلۆمەتری شەقامێكی بەغدا، 124 ملیار دینار تێچووەکەی بووە"

بەغدا
بەغدا

بڵاوبوونه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی له‌ جومگه‌ ئیدارییه‌كانی عێراق بەردەوام لە زیادبووندایە و ئه‌ندامێكی‌ په‌رله‌مانی عێراقیش دەڵێت: زیادەڕەویی لە تێچوونەکاندا بووەتە دیاردەیەكی مەترسیدار و یەكێك لەو دۆسیانەش تێچوویەكی خەیاڵییە بۆ پرۆژەیەكی چاندنی دار لەسەر شەقامێكی نزیك وەزارەتێكی حكوومەتی عێراق.

یاسر حوسێنی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق، ڕایگەیاند: دیاردەی گەندەڵی لە دامودەزگاکانی دەوڵەتدا زۆر بووە، هەندێک جار تووشی حەپەسان دەبین. دەشڵێت، یەکێک لەو شتانەی کە بینیویانە چاندنی ڕیزێک دارە بەدرێژایی یەك کیلۆمەتری شەقامێكی بەغدا، بە تێچووی 124 ملیار دینار! ڕوونیشی كردەوە: لێكۆلینەوەكانیان بەردەوامن و چاوەڕێی بەدەستهێنانی بەڵگەنامەی ڕەسەنن بۆئەوەی بیانخەنە بەردەم ڕای گشتی.

ئەو ئەندامەی پەرلەمانی عێراق، گوتیشی: گەندەڵی چەندین شێوەی هەیە، ڕەنگە دیارترینیان زیادەڕەویی بێت لە تێچوونەکاندا.

ئاشكراشی كرد "چاودێریی چەندین پرۆژەیان كردووە کە تێچوونەکانیان 10 هێندەی ئەو تێچووە ڕاستەقینە بووە كە بۆیان دانراوە، تەنانەت ھەندێ پرۆژە 20 هێندە و 30 ھێندەی تێچووەكەی بووە، كە ئەمەش پرۆسەیەکی بەردەوامی کەمبوونەوەی گەنجینەی دەوڵەتە".

به‌ گوێره‌ی ئامار و زانیارییه‌كان، دیارترین گه‌نده‌ڵی له‌ كه‌رتی كشتوكاڵی عێراق، له‌ گه‌نده‌ڵی ئیداریی و دارایی، به‌هه‌ده‌ردانی سامانی گشتییە.

بەگوێرەی شەفافیەتی نێودەوڵەتی، لە 180 وڵاتدا عێراق لە ڕووی گەندەڵییەوە لە ڕیزی 157مینە؛ ساڵانە سەروو 200 ملیار دۆلار لە پڕۆژەی ساختە و وەهمی سپی دەکرێتەوە و دەدزرێت.