هەولێر.. لە مانگێکدا 29 تاقیگەی پزیشکیی تایبەت داخراون

لە هەولێر 24 تاقیگەی پزیشکی تایبەت داخران (وێنە: بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی هەولێر)
لە هەولێر 24 تاقیگەی پزیشکی تایبەت داخران (وێنە: بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی هەولێر)

لە هەولێر، لەبەر نەبوونی مۆڵەت و پابەند نەبوونیان بە ڕێنماییەکان، لە ماوەی مانگێکدا 29  تاقیگەی پزیشکیی تایبەت داخراون و 28 دیکەش سزا دراون.

شەممە، 20-7-2024، سەرکار سورچی، گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، لێژنە و تیمەکانی سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی هەولێر بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی تەندروستی، لە ماوەی یەک مانگی ڕابردوودا، بە مەبەستی لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون، 52 سەردانیان بۆ سەنتەر و تاقیگە تایبەتەکانی سنووری پارێزگای هەولێر هەبووە.

بە گوتەی سەرکار سورچی، لەو ماوەیەدا، لیژنەکان دەستیان گرتووە بەسەر ژمارەیەک دەرمانی تاقیگەیی ماوەبەسەرچوو و هەروا 29 تاقیگە، کە بێمۆڵەت کاریان کردبوو، داخران؛ 28 تاقیگەی تایبەتی دیکەش کە ڕێنماییەکانیان جێبەجێ نەکردبوو، سزا دراون و پێ بژاردنیان بۆ کرا.

ئەوەشی خستە ڕوو، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی هەولێر لە ڕێگەی گشت بەشەکان بەدواداچوون بۆ هەموو ئەو شوێنانە دەکات بۆ لە نزیکەوە ئاگاداریی لە چۆنییەتی کارکردن و پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی پزیشکیی تەندروستی لە نەخۆشخانە و تاقیگە و گشت سەنتەرەکان.

Fly Erbil Advertisment