پەرلەمانی عێراق کارنامەی کۆبوونەوەی سبەینێی ئاشكرا دەکات

پەرلەمانی عێراق
پەرلەمانی عێراق

فەرمانگەی مێدیا و زانیاریی پەرلەمانی عێراق کارنامەی دووەمین کۆبوونەوەی وەرزی دووەمی یاسادانانی بڵاو کردەوە و یەکێک لە بڕگەکانی کۆبوونەوەکە تایبەتە بە قەرەبووکردنەوەی زیان پێکەوتووانی دەستی ڕژێمی بەعس.

بە گوێرەی کارنامەی بڵاوکراوە، سبەی یەکشەممە کاتژمێر 11ی پێشنیوەڕۆ پەرلەمان کۆدەبێتەوە و لە تەوەری یەکەمدا. لێژنەکانی ئابووری، پیشەسازیی و بازرگانی، وەبەرهێنان و گەشەپێدان، یاسایی و دارایی خوێندنەوەی یەکەم بۆ هەمواریی ماددەی 16ی پرۆژە یاسایی چاکسازیی ئابووریی دەکات.

هەروەها دووەمی کۆبوونەوەکەش، خوێندنەوەی یەکەم بۆ هەمواریی ماددەی دووی یاسای دەستەی چاودێریی نیشتمانیی بۆ تیشکدەری ئەتۆمیی و کیمیایی و بایۆلۆجی ژمارە یەکی ساڵی 2024 دەکرێت کە لەلایەن لێژنەی تەندروستی و ژینگە خوێندنەوەی بۆ دەکرێت.

لە تەوەری سێیەمدا، لێژنەکانی دارایی، یاسایی و وەبەرهێنان و پەرەپێدان خوێندنەوە یەکەم بۆ پرۆژە یاسای چەکی وەبەرهێنانی بانکە ئیسلامییەکان دەکرێت.

دوایین تەوەری کۆبوونەوەی سبەینێ، پەرلەمانی عێراق گفتوگۆ لەسەر خوێندنەوەی دووەمی پرۆژە یاسای قەرەبووکردنەوەی زیانپێکەوتووانی دەستی ڕژێمی بەعس دەکات، کە لەلایەن لێژنەی شەهیدان و قوربانیان و زیندانیانی سیاسیی پێشکەش دەکرێت.

دوای زیاتر لە 40 ڕۆژی پشووی وەرزی یەکەمی یاسادانانی پەرلەمانی عێراق، ئەمڕۆ شەممە، یەکەم کۆبوونەوەی وەرزی دووەم لە سێیەم ساڵی یاسادانان دەستی پێ کردەوە، بەڵام دوای ئەو هەموو پشووە، سەرجەم پەرلەمانتاران ئامادەی کۆبوونەوەکە نەبوون و دواجار و پاش زیاتر لە 30 خولەک، پەرلەمانی عێراق لە کۆی 229 پەرلەمانتار بە ئامادەبوونی 171 پەرلەمانتار دەستی بە کۆبوونەوە کرد و تاوەکوو ساتی ئامادەکردنی ئەم هەواڵە کۆبوونەوەکە هەر بەردەوامە.

Fly Erbil Advertisment