600 داری جۆری سیسەم لە شەقامێکی هەولێر چێندران

ئەندازەی پارک و باخچەکانی هەولێر ئاشکرای دەکات، 600 داری جۆرى سیسەمیان لە جووت سایدی دادگای هەولێر چاندووە.
شەممە 20ـی تەممووزی 2024، ئەندازەی پارک و باخچەکانی هەولێر ڕایگەیاند: بۆ زیادکردنی ڕێژەی سەوزایی لە دورگەى ناوەندیى شەقامەکان و باخچەکانى شار، لەلایەن تیمەکانى ئەندازەی پارک و باخچەکان، دەست بە چاندنی 600 داری جۆرى سیسەم لە جووت سایدی دادگا کراوە، لەگەڵ چاندن و بڕین و تەقلیمکردن و ئاودانی دار و درەختەکانیش لە چەندین شەقام و دوورگە ناوەندیی شاری هەولێر.
پێشتر، ڕێبین ئەحمەد بەڕێوەبەری پارک و باخچەکانی هەولێر بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، لە ماوەی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا بەپێوەری ڕووبەر سەدا دوو و نیو ڕێژەی سەوزاییان لە سنووری سەرۆکایەتی شارەوانی هەولێر بە بەرهەمی خۆیی لەڕێگەی سێ نەمامگەوە زیاد کردووە، دەشڵێت، هیچ بڕە پارەیەک لە زیادکردنی ئەو ڕێژە سەوزاییە خەرج نەکراوە.