ڕێباز حەملان: ئۆپۆزسیۆنی ڕاستەقینە کاریگەریی و ڕۆڵی لە چاکسازیدا دەبێت

ڕێباز حەملان، یاریدەدەری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان
ڕێباز حەملان، یاریدەدەری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان

K24 – هەولێر:

یاریدەدەری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، دەڵێت: ئۆپۆزسیۆنە خۆڕسکەکانی هەرێمی کوردستان لە ئۆپۆزسیۆنە حزبییەکان کاریگەرتر بوون. هاوکات گوتی: بەشێکی زۆری هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان لە ئۆپۆزسیۆن ناڕازین.

ڕێباز حەملان، یاریدەدەری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، لەمیانەی بەشداریی لە بەرنامەی "بۆ هەمووان"ـی کوردستان24ـدا، گوتی: ئۆپۆزسیۆن ئەگەری ڕۆڵی سەرەکی خۆی بگێڕێت کاریگەرییەکی گەورەی هەیە لە گۆڕانکارییە گەورەکان لەسەر سیستەمی چاکسازیی، ڕەخنەگرتن بە شێوازیكی دروستکەر و یارمەتیدانی حکوومەت بۆ دەستنیشانکردنی هەڵەکان و پێدانی چارەسەرییەکان.

یاریدەدەری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، ئاماژەی بەوەدا: ئۆپۆزیسیۆن چاودێرێکی باش دەبێت بەسەر کار و چالاکییەکانی حکوومەت و دەسەڵات، بۆ ئەوەی لە هەر شوێنێک کەمکوڕی یان کارێکی نایاسایی هەبێت، پێیان بڵێت و دەنگی خەڵکیان بۆ بگەیەنێت تا هەڵەکان ڕاست بکەنەوە.

ناوبراو ڕوونیکردەوە، ئۆپۆزسیۆن لە بابەتێکدا نابێت لەگەڵ دەسەڵات جیاواز بێت ئەویش بابەتی نیشتمان، هاونیشتمانییان، بابەتی پیرۆزییەکان و ئاڵا.

لەبارەی ڕۆڵی ئۆپۆزسیۆن لە هەرێمی کوردستان، ڕێباز حەملان، ڕایگەیاند: بەشێكی زۆری هاووڵاتییان لە ئۆپۆزسیۆن ناڕازین، لەم خولە و خولی پێشووی پەرلەمانیش بینیمان کورسییەکانی حزبەکانی دەسەڵات لە هی ئۆپۆزسیۆن زیاتر بوون. ئۆپۆزسیۆنە خۆڕسکەکانی هەرێمی کوردستان لە ئۆپۆزسیۆنە حزبییەکان کاریگەرتر بوون.

هاوکات ڕاشیگەیاند: حزبە ئۆپۆزسیۆنەکانی هەرێمی کوردستان لە کابینەکانی یەک تا کابینەی نۆیەم، هەموویان بەشدارییان لە حکوومەتدا کردبوو، وەزارەتیان پێدرابوو، دەسەڵاتییان پێدرابوو، مانای وایە لە ئۆپۆزسیۆنەوە هاتبوونە نێو دەسەڵات، بەشێکیشیان لە دەسەڵاتەوە گەڕانەوە بۆ نێو ئۆپۆزسیۆن، ئەمەش وایکردن متمانەی دەنگدەران و لایەنگرانیان لەدەست بدەن.

یاریدەدەری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، دەڵێت: بەشێک لە سەرکردەکانی ئۆپۆزسیۆن بە پلەی باڵا خانەنشین کراون، هەروەها بەشێک لە حزبەکانی هەرێمی کوردستان بەڕۆژ بەشداربوون لە دەسەڵات و پۆستیان هەبوو، بەڵام بەشەو ڕۆڵی ئۆپۆزسیۆنیان دەگێڕا، کە ئەمەش ببووە جێگەی پرسیار لەلای هاونیشتمانییانەوە.

سەبارەت بە کابینەی نۆیەم، جەختی لەوە کردەوە، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لە سەرەتای دامەزراندنی ئەم کابینەیە وایکرد دەستی هەموو حزبێک لە حکوومەت دابڕێت و چاکسازی لە حوکمڕانیدا کردووە.

لەبارەی هەرێمی کوردستانەوە، ڕێباز حەملان، گوتی: هەرێمی کوردستان بەری ڕەنجی خەباتی چەندین ساڵەی کوردە، بە خوێنی شەهیدان ئەم هەرێمە دروست بووە، هیچ کاتێک هەرێمەکە نەبووەتە هەڕەشە بۆسەر وڵاتانی دراوسێ.

باسی لەوەش کرد: لە سۆشیال مێدیای حزبەکانەوە کولتووری جنێودان پەیدابوو. لەبارەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم، یاریدەدەری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان گوتی: بەغدا وەک کارتی فشار مانگانە مووچە دوادەخات.

Fly Erbil Advertisment