غەززە.. هیچ پەناگەیەک بۆ ئاوارەکان نەماوەتەوە

غەززە
غەززە

K24 – غەززە:

لە غەززە هیچ پەناگەیەک بۆ ئاوارەکان نییە، خەڵکی غەززە ژیانیان هەمووی بووە بەئاوارەی لەم جێگە بۆ ئەو جێگە ڕادەکەن لەترسی گیانی خۆیان و کەسوکاریان.

10 مانگ تێپەڕیوە و فەڵەستینییەکانی کەرتی غەززە لە ئاوارەییەوە بەرەو ئاوارەییەکی دیکە دەڕۆن، وەک ئەوەی لەناو بازنەیەکی داخراودابن، کەشوهەواش لەم کاتەدا گەشتووەتە ئەوپەڕی گەرمی لە ناوچەکە.

بەشێک لە دانیشتووانی غەززە بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: غەززە بووەتە شاری تارماییەکان، کەس لە گەڕەکەکان ناجوڵی، سەبارەت بە خواردن و خواردنەوە هیچ شتێک دەستناکەوێت. ژیانیان لەسەرخواردنی لەقوتونراوە، ئەویش نرخەکەی زۆر گرانە.

فەرمانەکانی ئیسرائیل بۆ چۆڵکردنی ناوچەکان بەبەردەوامی لەباکووری غەززەوە بۆ ناوەڕاست و دواتر بۆ باشوور، ئەو بازنە داخراوەیە غەززەییەکان تیایدا دەسوڕێنەوە.

ڕۆژی 7ـی ئۆکتۆبەری 2023، چەکدارەکانی بزووتنەوەی حەماس هێرشێکی بەرفراوانیان کردە سەر ئیسرائیل، لە هێرشەکەدا زیاتر لە هەزار و 400 ئیسرائیلی کوژران و سەدانی دیکەش بریندار بوون، هاوکات  240 هاووڵاتیی ئیسرائیل وەکوو بارمتە لەلایەن حەماسەوە ده‌ستبه‌سه‌ر كران.