لوید ئۆستن: ئیسرائیل مافی خۆیەتی بەرگریی لە خۆی بکات

وەزیری بەرگری ئەمەریکا ڕایگەیاند، لەگەڵ هاوتا ئیسرائیلییەکەی، یۆئاڤ گالانتی، هێرشەکەی ئیسرائیلیان بۆ سەر بەندەری حودەیدە لە یەمەن، تاوتوێ کرد.
بەگوێرەی بەیاننامەیەکی فەرمی ئەمەریکی، لوید ئۆستین، وەزیری بەرگری ئەمەریکا تێگەیشتنی خۆی لە هێرشەکەی ئیسرائیل دەربڕی، کە بەپێی بەیاننامەکە، چەند مانگێک دوای هێرشەکانی حووسییەکان بۆ سەر ئیسرائیل هات.
ئۆستن، جەختی لە پابەندبوونی وڵاتەکەی بۆ پاراستنی ئاسایشی ئیسرائیل و مافی بەرگریکردن لە خۆی لە بەرامبەر هەڕەشە دەرەکییەکان کرد.
فڕۆکە جەنگیییەکانی ئیسرائیل لە وەڵامی هێرشێکی حووسییەکان بۆ سەر تەلئەڤیڤ، چەند ئامانجێکی حووسییەکانیان لە بەندەری حودەیدە لە یەمەن، بۆمباران کرد.
مێدیا ئیسرائیلییەکان بۆمبارانکردنی حودەیدەیان بەستەوە بە هێرشی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکەی حووسییەکان بۆ سەر شاری تەلئەڤیڤ. ئاماژەیان بەوەش کرد، هێرشەکە لە لایەن 12 فڕۆکەی ئێف 35 کراوە.
لای خۆیەوە سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند، هێرشیان کردووەتە سەر شوێنی حووسییەکانی لە بەندەری حودەیدە لە یەمەن و بەو هۆیەوە پێنج کوژراو و دەیان برینداری لێکەوتووەتەوە.
سوپای ئیسرائیل لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە، "ئەو هێرشانە لە وەڵامی ئەو سەدان هێرشە بووە بۆ سەر دەوڵەتی ئیسرائیل لە ماوەی ئەم چەند مانگەی ڕابردوودا".
وهزارهتی تهندروستی یهمهنیش ڕاگهیهندراوێكی لهبارهی هێرشی ئیسرائیل بۆ سهر حووسییهكان بڵاو كردهوه و ڕایگهیاند، له ئهنجامی ئهو هێرشانهدا 80 كهس بریندار بوونه، كه برینی زۆربهیان سهخته. ڕوونیشی كردووهتهوه، كۆگاكانی نهوت و وێستگهی كارهبا له پارێزگای حودهیده هێرشیان کراوەتە سەر و زیانێكی گهورهیان بهركهوتووه.
ڕۆژی 19ـی تەمووزی 2024، سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند، بەرەبەیانی هەینی بە درۆن هێرشکراوەتە سەر شاری تەلئەڤیڤ و کوژراو و بریندار هەن.
لای خۆیەوە پۆلیسی ئیسرائیل دەڵێت، "تەقینەوەکە کاتژمێر چواری بەرەبەیان بووە و لە شوێنی تەقینەوەکەشدا تەرمی کەسێکیان دۆزیوەتەوە و سێ کەس دیکەش برینداربوون بۆ نەخۆشخانە گوازراونەتەوە".