عێراق بۆ پاراستنی بەرپرس و دامەزراوەکانی حکوومەت، سوود لە کۆمپانیا ئەمنییە بیانییەکان وەردەگرێت

سەرەڕای ئەوەی عێراق نزیکەی یەک ملیۆن سەربازی هەیە، کەچی 80 کۆمپانیای ئەمنیی بیانی و ناوخۆیی دامەزراوە کە بەرپرسان و دامەزراوە هەستیارەکانی عێراق دەپارێزن، لەسەر یاسایبوونی ئەو کۆمپانیایانە، ئەندامێکی پەرلەمانی عێراق دەڵێت، "سەرجەم ئەو کۆمپانیایانە مۆڵەتی فەرمیان هەیە و بەشێک لە کارمەندەکانیشیان ئەندامانی پێشووی هێزە تایبەتەکانی ڕژێمی پێشوو بوون".
سەرەڕای ئەوەی عێراق نزیکەی یەک ملیۆن سەربازی هەیە لەهەمانکاتدا بۆ پاراستنی بەرپرسان و دامەزراوە هەستیارەکان حکوومەتی عێراق کەڵکی لە کۆمپانیا ئەمنییەکانی بیانی وەرگرتووە.
بەگوێرەی ئامارەکان، لەکۆی 80 کۆمپانیای ئەمنیی کە لەعێراق کاردەکەن 24 کۆمپانیایان عێراقین و سەر بە گرووپی "ئای سی ئۆ سی ئەی" بوون و پێنج لەو کۆمپانیایانەش کۆمپانیای نێودەوڵەتی تایبەتن.
بەشێک لەو کۆمپانیایانە ناوبانگی خراپیان لە عێراق هەیە و تێوەگلاون لە زۆرێک لە ڕووداوە خوێناوییەکان کە بەهۆیانەوە دەیان هاووڵاتی گیانییان سپاردووە، کۆمپانیاکانی بلاک وۆتەر و هالیبەرتۆن دوو لەو کۆمپانیایەن.
دوای ئەوەی بەشێک لەو کۆمپانیایانە عێراقیان جێهێشتبوو، بە پاساوی جۆراو جۆر، لەوانە دەستەبەرکردنی ئاسایشی بازرگانی عێراق لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و دابینکردنی ئاسایشی گواستنەوەی کاڵا بەنرخەکان لەنێوان شارەکان و پاراستنی بانک و دامەزراوە هەستیارەکان، گەڕاونەتەوە عێراق.
عەدنان کینانی، پسپۆڕی بواری ئەمنیی ڕایدەگەیەنێت، کۆمپانیای بلاک وۆتەر تایبەتە بە پاراستنی بەژروەندییەکانی ئەمەریکا و بەریتانیا لە عێراق. ئاماژە بەوەش دەکات، بەشێک لە پارتە سیاسییەکان کۆمپانیای 'نسور بابل' یان دامەزراندووە جگە لە پاراستنی خۆیان، هاوکات لەدژی نەیارەکانیان بەکاریان هێناون.
کینانی ئاشکراشی دەکات لە هەر کۆمپانیایەکی تایبەتی ئەمەریکی یان بەریتانی بەشێک هەیە بەناوی ئۆپەراسیۆنەکان کە لەلایەن ئەندامانی دەزگای هەواڵگری بەڕێوەدەبردرێت و دەشڵێت، "کارمەندەکانییان مووچەی ئاساییان بریتییە لە 500 دۆلار، ڕوونیشی کردەوە، بەشێک لە سەرپەرشتیارانی ئەو بەشانە لەسەردەمی ڕژێمی پێشووی عێراق ئەندامی هێزە تایبەتەکان بوون".
ئەو پسپۆرەی ئەمنیی ئەوەشی خستە ڕوو کە یەکێک لە کۆمپانیاکانی موبایل پێشتر سیخوڕی لەسەر پەیوەندییە تەلەفۆنییەکانی بەرپرسانی عێراق کردووە.
محەمەد مەهدی، ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق ڕایدەگەیەنێت، بەشێک لە کۆمپانیا ئەمنییەکان خاوەنی پارێزبەندی یاسایی بوون، هەروەها سەبارەت بە یاسایبوونی کارەکانی ئەو کۆمپانیانە یاسر وەتوت، ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق ڕوونی دەکاتەوە، ئەو کۆمپانیانەی لەبواری ئەمنیدا کار دەکەن، سەرجەمیان مۆڵەتی فەرمیان هەیە و هیچ کۆمپانیایەکی ئەمنیی ناتوانێت بەبێ مۆڵەتی فەرمی کارەکانی بکات. دەشڵێت، "سەرجەم ئەندامانیان و جۆری چەکەکانییان لە لایەن لایەنە پەیوەندیدارەکانەوە تۆمارکراون".