عێراق.. 39 ئەندامی "گرووپی قوربانییەکان" دەستگیر کران

هێزە ئەمنییەکانی عێراق 39 ئەندامی گرووپی قوربانی دەستگیر کرد کە چواریان بەنیاز بوون بەشێوەی تیروپشک کەسێک هەڵببژێرن بۆ ئەوە خۆی بکوژێت.
دەزگای ئاسایشی نیشتیمانیی عێراق بڵاوی کردەوە، لە چوار پارێزگای عێراق 39 ئەندامی گرووپی قوربانییەکانیان دەستگیر کردووە، کە چوار لەوان بەنیاز بوونە بەشێوەی تیروپشک کەسێک هەڵببژێرن خۆی بکوژێت، بەڵام هێزە ئەمنییەکان ڕێگەیان نەداوە و دەستگیریان کردوون.
دەزگای ئاسایشی نیشتیمانی عێراق باسی لەوەش کردووە، ئەو کەسانەی دەستگیر کراون لە هەر چوار پارێزگای، بەسرە، دیوانییە، زیقار و موسەنا بوون، لەکاتی لێکۆڵینەوە دانیان بە کارەکانیاندا ناوە.
گرووپی قوربانییەکان لەساڵی 2020ـەوە لە عێراق سەری هەڵداوە، گروپێکی توندڕەون و وەک خۆیان دەڵێن لە ڕێگەی خۆکوشتنەوە خۆیان دەکەنە قوربانی لەپێناو ئیمامی عەلیدا.