ڕاوێژکارێکی سوودانی: گەندەڵی هۆی داڕمانی کەرتی کارەبای عێراقە

ڕاوێژکارێکی سەرۆکوەزیرانی عێراق جەخت لەوە دەکاتەوە، گەندەڵی هۆی داڕمانی کەرتی کارەبای وڵاتەکەیە و دەڵێت، ساڵانە 16 ملیار دۆلار بۆ کارەبا خەرج دەکرێت، کەچی کێشەکە هەر چارە نەکراوە.
فادی شەمەریی، ڕاوێژکاری سیاسیی محەممەد شییاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا، باسی لە گەندەڵیی نێو کەرتی کارەبا و کەمی پێدانی کاتژمێرەکانی کارەبای نیشتمانی بە پارێزگاکانی باشوور و ناوەڕاستی عێراق، کرد.
بە گوتەی شەمەریی، "گەندەڵی تاکە هۆی داڕمانی کەرتی کارەبای عێراقە و ئێران و ئەمەریکا هیچ پەیوەندییەکیان بە بابەتەکەوە نییە". ڕوونیشی کردەوە، ساڵانە 16 ملیار دۆلار بۆ کەرتی کارەبا لە عێراق خەرج دەکرێت بەبێ ئەوەی چارەی کێشەی کەمی کارەبا بکرێت.
شەمەریی لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ڕوونیشی کردەوە، ساڵانە لە عێراق، 11 ملیار دۆلار بۆ 58%ی وزەی کارەبایی بەفیڕۆچوو، خەرج دەکرێت.
ڕاوێژکارەکەی سەرۆکوەزیرانی عێراق جەختی لەوە کردەوە "خراپی و کەمیی پێدانی کارەبای نیشتمانیی، هاووڵاتییانی ماندوو و پەرێشان کردووە و وەکو خۆی باسی کرد، وەزارەتی کارەبا هیچ پلانێکی بەپەلە و ئامادەکراوی بۆ چارەکردنی کێشەکەی نییە".
شەمەریی، گوتیشی "وەزارەتی کارەبا و لایەنە پەیوەندیدارەکان دەڵێن، زیاتر لە 400 پرۆژەیان بۆ باشترکردنی دابەشکردنی تۆڕی کارەبای نیشتمانی ئامادە کردووە، بەڵام هەر پرۆژەیەک لانیکەم دوو ساڵ دەخایەنێت تا جێ بەجێ دەکرێن".
ڕاوێژکارەکەی سوودانی پێی وایە، پێدانی دۆسیەی کارەبا بە کەرتی تایبەت، باشترین بژاردەیە بۆ چارەکردنی کێشەی کەمیی کارەبای نیشتمانی لە عێراق و گوتی: دوای ئەوەی کارەبای ناوچەی زەیوونەی بەغدا بە کەرتی تایبەت درا، بەکارهێنانی کارەبا لە 51 مێگاوات لە چوار کاتژمێردا بۆ 21 مێگاوات لە 24 کاتژمێردا کەم بووەتەوە.
ئەمە لە کاتێکدایە، بەهۆی كۆمەڵێك هۆكار، قەیرانی كارەبا لە عێراق بەردەوامە، یەكێك لەوانە كەمیی سووتەمەنی پێویستە بۆ كارپێكردنی وێستگەكانی كارەبا، ئەمەش دەبێتە هۆی كەمبوونەوەی بەرهەمهێنان و زیادبوونی ماوەی پچڕانی كارەبا، هەروەها زیادبوونی بەكارهێنانی كارەبای ڕۆژانە لەلایەن هاووڵاتییانەوە، بەتایبەتی لە وەرزی گەرمای هاویندا، کە فشار لەسەر تۆڕەكەكانی كارەبا زیاد دەكات.
لە چەند ڕۆژی ڕابردووشدا، لە بەرامبەر نەبوونی خزمەتگوزاری و بەردەوامیی پچڕانی تەزووی كارەبا، دانیشتووانی پارێزگاكانی دیوانییە و نەجەف ڕژانە سەر شەقامەكان و ڕێگە سەرەكییەكانیان داخست.