دوو جۆر گرێبەست لەگەڵ کۆمپانیاکانی حەج و عومرە ئیمزا دەکرێن

بۆ ئەمساڵ، به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان دوو گرێبەستی جیا لەگەڵ کۆمپانیاکانی حەج و عومرە ئیمزا دەکات.

یەکشەممە، 21-07-2024، نیاز ڕاغب نەقشبەندی، بەڕێوەبەری گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییەکەیان، بە مەبەستی زیاتر به‌ره‌و پێشبردنی پرۆسه‌ی عومرەی ئەمساڵ‌ و خزمه‌تكردنی عومره‌كاران؛ چه‌ندین مه‌رج و ڕێنمایی نوێییان بۆ كۆمپانیاكان دەر کرد.

بە گوتەی نەقشبەندی، بەڕێوەبەرایەتییەکە، بۆ ئەمساڵ دوو گرێبەستی جیا لەگەڵ کۆمپانیاکانی حەج و عومرە ئیمزا دەکات؛ بە جۆرێک ئەو کۆمپانیانەی بەرنامەی عومرە دەفرۆشن جیا دەکرێنەوە لەو کۆمپانیانەی عومرەکاران بۆ سعوودییە دەگوازنەوە، "تاوەکوو بتوانرێت بە باشترین شێوە خزمەتی عومرەکاران بکرێت و بە گوێرەی ڕێنماییەکان، نابێت هیچ کۆمپانیایەکی حەج و عومرە لە هەردوو بوارەکەدا کار بکات".

بەڕێوەبەری گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان ڕوونیشی کردەوە، "ئەو کۆمپانیایانەی بەرنامەی عومرە دەفرۆشن؛ گواستنەوەی عومرەکاران لە ڕێگەی ئاسمانی یان وشکانی، شوێنی مانەوە، خواردن و هەموو پێداوسیتییەکی دیکەی ڕۆژانەیان بۆ دەستەبەر دەکەن. هاوکات بڕی 50 هەزار دۆلار وەکوو بارمتە لای بەڕێوەبەرایەتییەکە دادەنێن".

لەبارەی ئەو کۆمپانیایانەی عومرەکاران بۆ سعوودییە دەگوازنەوە، بەڕێوەبەری گشتیی حەج و عومرە ئەوەی خستە ڕوو "ئەو کۆمپانیایانە، بڕی 15 هەزار دۆلار لای بەڕێوەبەرایەتییەکە دادەنێن و ئامانجی دانانی ئەو بڕە پارەیەش، بۆ ئەوەیە ئەگەر لە داهاتوودا عومرەکارێک سکاڵای لە کۆمپانیایەک هەبوو یان کۆمپانیایەک سکڵای لەسەر کۆمپانیایەکی دیکە هەبوو؛ مافەکە بۆ خاوەن ماف بگەڕێندرێتەوە".

بە گوتەی نەقشبەندی، لە ئەمڕۆ یەکشەممەوە، 21-07-2024، کۆمپانیاکانی حەج و عومرە دەتوانن سەردانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان بکەن بە مەبەستی ئیمزاکردنی گرێبەست.

وەکو ئەوەی نەقشبەندی باسی کرد، تاوەکوو کۆمپانیاکان گرێبەست لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان ئیمزا نەکەن، ناتوانن بەرنامە بفرۆشن و هاووڵاتییانیش بۆ سعوودییە بگوازنەوە، "ئەگەر ئەو کارە بکەن، ڕووبەڕووی ڕێکاریی یاساییان دەکەینەوە".

 

مەرجەکانی ڕێگەپێدانی تایبەت بە کۆمپانیاکانی گواستنەوەی عومرەکاران
مەرجەکانی ڕێگەپێدانی تایبەت بە کۆمپانیاکانی گواستنەوەی عومرەکاران

 

مەرجەکانی ڕێگەپێدانی تایبەت بە کۆمپانیاکانی فرۆشتنی بەرنامەی عومرە:
مەرجەکانی ڕێگەپێدانی تایبەت بە کۆمپانیاکانی فرۆشتنی بەرنامەی عومرە