پزیشکیان ڕوونکردنەوە لە بارەی چۆنییەتی هەڵبژاردن و ناساندنی ئەندامانی کابینەکەی دەدات

مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری هەڵبژێردراوی ئێران، لە کۆبوونەوەیەکی کراوەی پەرلەمانی وڵاتەکەیدا باسی چۆنییەتی هەڵبژاردنی وەزیرەکانی کابینەکەی کرد و گوتی: داوامان لە لایەنەکان و خەڵکانی سەربەخۆ کردووە سیڤی پێشکەش بکەن.
بە گوێرەی ئاژانسی ئێرنا، پزیشکیان لە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی یەکشەممەی پەرلەمان گوتوویەتی داوامان لە هەموو ئەو لایەنانە کردووە کە بڕوایان وایە دەتوانن لە حکوومەتی داهاتوودا هاوکار دەبن، بەبێ جیاوازی ڕێفۆرمخوازەکان و نەریتخوازەکان و کەسە سەربەخۆکان، هەموویان دەتوانن زانیاریی و سیڤییەکانیان پێشکەش بکەن.
سەرۆککۆماری هەڵبژێردراوی ئێران ئاماژەشی داوە بەوەی "سیڤییە پێشکەش کراوەکان هەر دەستەیەک لە ڕیفۆرمخوازەکان، نەریتخوازەکان و کەسانی سەربەخۆ جیا دەکرێنەوە و دوای هەڵسەنگاندن و هەڵاوێردکردنیان، بە گوێرەی بە دەستهێنانی زۆرترین خاڵ، بڕیاریان لەسەر دەدرێت، هەر کەسێک ئەو تایبەتمەندییەی هەبوو کە لە کابینەی حکوومەت دەتوانێت هاوکار بێت، ئەوا سیڤییەکەی پەسەند دەکرێ، بەڵام ئەم پرۆسەیەش کارێکی هەروا ئاسان نابێت".
بڕیارە لە 30ی ئەم مانگەدا، مەسعود پزیشکیان سەرۆککۆماری نوێی ئێران کاندیدانی پۆستە وەزارییەکانی کابینەکەی بباتە پەرلەمان و بۆ ئەوەی دوای پەسەندکردنی کابینەکە وەزیرەکان سوێندی یاسایی بخۆن و حکوومەتی نوێ دەست بەکار بێت.