ڕووسیا.. لە 24 کاتژمێردا 40 کەس خنکان

وەزارەتی ڕووداوە لە ناکاوەکانی ڕووسیا ئەمڕۆ یەکشەممە 21ی تەممووزی 2024، بڵاویکردەوە، لە 24 کاتژمێری ڕابردوودا 40 کەس خنکاون و 2 لە خنکاوەکان منداڵن.

لە بڵاوکراوەکەدا هاتووە، یەکێک لە ڕووداوەکان لە بوراتیا، سێ کەسی سەرخۆش بە یەکەوە خنکاون، ئەوەش خراوەتەڕوو کە زۆربەی حاڵەتەکانی دیکە، خەڵکی لە شوێنی نەگونجاو مەلەوانیان کردووە.

ئەمە لە کاتێکدایە، ڕۆژی 7ی ئەم مانگە، هەر وەزارەتی ڕووداوە لە ناکاوەکان ئامارێکی بڵاوکردەوە، کە لە 24 کاتژمێردا 49 کەس خنکاون، کە حەوتیان منداڵ بوون.

هەروەها ڕۆژی 15ی تەممووزیش، ئەلیکساندەر کورنێکەڤی، وەزیری ڕووداوە لە ناکاوەکانی ڕووسیا ڕایگەیاند، لە سەرەتای هاوینی 2024 ـەوە تاوەکوو ئێستا 215 منداڵ خنكاون.

وەزارەتەکە لە 17ی ئەم مانگە ئامارێکی 24 کاتژمێرەی بڵاویکردووەتەوە، کە تێیدا هاتووە، لە چەند ناوچەیەکی جیای ڕووسیا 27 کەس خنکاون و 16 کەسیش رزگارکراون.

هەر بەگوێرەی ڕاگەیاندراوەکەی وەزارەتی ڕووداوە لە ناکاوەکانی ڕووسیا، لە ساڵی ڕابردوو 3 هەزار و 810 لە سەرتاسەری ڕووسیا بەهۆی مەلەکردنەوە خنکاون.