ناز جەلال: کردنەوەی سهنتهری ڕاوێژكاری كۆچی نێودهوڵهتی کاریگەری دەبێت لەسەر کەمکردنەوەی کۆچی نایاسایی
K24 – هەولێر:
بەڕێوەبەری کۆچ و کۆچبەران و وەڵامدانەوەی قەیرانەکان لە پارێزگای هەولێر ئاشکرای کرد، کردنەوەی سەنتەری ڕاوێژکاری کۆچی نێودەوڵەتی بە پاڵپشتی وڵاتانی یەکێتیی ئەورووپا لە هەرێمی کوردستان گرنگە بۆ هۆشیارکردنەوەی گەنجان لە مەترسییەکانی کۆچی نایاسایی و ڕەخساندنی هەلی کار.
ڕۆژی 21ـی تەمموزی 2024، ناز جەلال، بەڕێوەبەری کۆچ و کۆچبەران و وەڵامدانەوەی قەیرانەکان لە پارێزگای هەولێر بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: گرنگی کردنەوەی سهنتهری ڕاوێژكاری كۆچی نێودهوڵهتی بۆ ئاگادارکردنەوە و هۆشیارکردنەوەی گەنجانە لە مەترسییەکانی کۆچی نایاسایی.
ناز جەلال گوتیشی: کۆچ کردن مافێکی یاسایی هەموو کەسێکە، بەڵام ئەم مافە بەشێوەی یاسایی ڕێگەپێدراوە و ڕێوشوێنی خۆی بۆ دیاری کراوە.
لەبارەی یەکێکی دیکە لە ئەرکەکانی سهنتهری راوێژكاری كۆچی نێودهوڵهتیی، ناز جەلال جەختی کردەوە، هەوڵ دەدەن دەرفەتەکانی هەلی کار بۆ گەنجان لە رێگەی ئەو سەنتەرەوە بڕەخسێنن، هاوکات لە ڕێگەی خولی ڕاهێنانی پیشەییەوە، گەنجان دەتوانن سوودی لێوەربگرن، جگە لە پێشکەشکردنی ڕاوێژ لە چەندین بواردا.
بەڕێوەبەری کۆچ و کۆچبەران و وەڵامدانەوەی قەیرانەکان لە پارێزگای هەولێر ئاماژەی بەوەشکرد، وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان پرۆژەیەکی دیکەشی هەیە بۆ ئەو کەسانەی گەڕاونەتەوە کە هەوڵیانداوە بەشێوەی نایاسایی کۆچ بکەن بۆ وڵاتانی دیکە، لەوانەش دۆزینەوەی هەلی کار و پێشکەشکردنی ڕاوێژی دەروونی و لەگەڵ وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیش هاوبەشییان هەیە بۆ ئەوەی ئەو گەنجانە لە سەنتەرەکانی ڕاهێنانی پیشەیی، سوود وەربگرن.
هاوکات لەبارەی کاریگەری ئەو سەنتەرە، ناز جەلال باسی لەوەکرد، هەرچەندە سەنتەرەکە لە هەرێمی کوردستان نوێیە و کار لەسەر دەستپێکردنی پرۆژەکان دەکەن، بەڵام ئەزموون و داتاکانی ئەو سەنتەرە لە وڵاتانی دیکە، ئەوە نیشان دەدات کە ڕێژەی کۆچی نایاسایی کەمتربووەتە بەهۆی هۆشیاربوونەوەی زیاتری گەنجان و هاووڵاتییان بە مەترسییەکانی کۆچی نایاسایی.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، ناز جەلال ڕوونی کردەوە، سەنتەرەکانی ڕاوێژکاری کۆچی نێودەوڵەتی لەلایەن وڵاتانی نەرویج، سوید، فەرەنسا و وڵاتانی دیکەی یەکێتیی ئەورووپاوە پشتیوانی لێدەکرێت وەک پاڵپشتی دارایی و هاوبەشیکردنی ئەزموون، بۆیە بە ستانداردێکی نێودەوڵەتی وەک نموونەیەکی تاقیکاری سەرەتا لە هەولێرەوە دەستیان پێکردووە و دواتریش لە پارێزگاکانی دیکەی هەرێمی کوردستان سەنتەری هاوشێوە دەکرێتەوە.
ئەمەش لە کاتێکدایە، له ههرێمی كوردستان سهنتهری راوێژكاری كۆچی نێودهوڵهتیی دهكرێتهوه و ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەکان ڕایگهیاندووە: دوای كردنهوهی سهنتهرهكه كاردهكرێت لهسهر كردنهوهی خول بۆ ئهوهی هاووڵاتییان سوودی لێ ببینن.
بەپێی ڕاگەیەندراوی ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەکان پرۆژهكه گرنگه و كار لهسهر هۆشیاركردنهوهی كۆمهڵگه دهكات، بهتایبهتیش ئاگاداركردنهوه و هۆشیاركردنهوهی گهنجان له مهترسییهكانی كۆچ و هاوكات دۆزینهوهی ههلی كار، ئێستاش پرۆژەکە لە ھەولێر بە فەرمی دەستیپێکردووە، له ماوهی داهاتووشدا، لە شوێنهكانی دیكەی هەرێمی کوردستان دهكرێتهوه.