شوان کەلاری: كار دەكەین بۆ ئەوەی مووچەی کەسوکاری شەهیدانی هەرێم هاوشێوەی عێراقی لێبكرێت

شوان کەلاری، جێگری سەرۆکی لێژنەی شەهیدان لە پەرلەمانی عێراق
شوان کەلاری، جێگری سەرۆکی لێژنەی شەهیدان لە پەرلەمانی عێراق

K24 – هەولێر:

جێگریی سەرۆکی لیژنەی شەهیدان لە پەرلەمانی عێراق، دەڵێت: لەژێر ڕۆشنایی ڕاسپاردەکانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێم، کاردەکەن تا سەرجەم شەهیدانی شەڕی تیرۆر لە هەرێمی کوردستان کە ژمارەیان نزیکەی هەزار و 800 شەهیدە هاوشێوەی شەهیدانی دیکەی عێراق کەسوکارەکانیان ماف و شایستە وەربگرن.

شوان کەلاری، جێگری سەرۆکی لێژنەی شەهیدان لە پەرلەمانی عێراق، تایبەت بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: پەرلەمانی عێراق لە یەکەم کۆبوونەوەیدا دوای تەواوبوونی پشووی وەرزای یاسادانان، دوێنێ خوێندنەوەی یەکەمی بۆ هەموارکردنەوەی یاسای دامەزراوەی شەهیدان کرد، ئەم هەموارە بەشێکی پەیوەستە بە مووچەی شەهیدانی هێزە ئەمنییەکان و پێشمەرگە.

جێگری سەرۆکی لێژنەی شەهیدان لە پەرلەمانی عێراق، ئاماژەی بەوە کرد: لەژێر ڕۆشنایی ڕاسپاردەکانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێم، کاردەکەن تا سەرجەم شەهیدانی شەڕی تیرۆر لە هەرێمی کوردستان کە ژمارەیان نزیکەی هەزار و 800 شەهیدە هاوشێوەی شەهیدانی دیکەی عێراق کەسوکارەکانیان ماف و شایستە وەربگرن.

جەختی لەوەش کردەوە، دوای سەردانی لێژنەی شەهیدانی پەرلەمانی عێراق بۆلای سەرۆک بارزانی و سەرۆکی حکوومەتی هەرێم، دیدگەیان بەرامبەر شەهیدان و زیانلێکەوتووانی هەرێم گۆڕاوە و دەیانەوێت زیانلێکەوتووانی هەرێمیش هاوشێوەی ناوچەکانی دیکەی عێراق قەرەبوو بکرێنەوە.

باسی لەوەش کرد، هەموارکردنەوەی یاساکە یەکێک بووە لە مەرجەکانی کورد بۆ هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت لە پێکهێنانی حکوومەتی ئەمجارەی عێراق.

جوان عەبدوڵڵا: داوا دەکەین خەڵکی هەرێمی کوردستان لە یاسای قەرەبووکردنەوە سوودمەند بن

جوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی لێژنەی مافی مرۆڤ لە پەرلەمانی عێراق بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: یاسای قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەوتووانی دەستی ڕژێمی پێشوو، هەرێمی کوردستان ناگرێتەوە.

جوان عەبدوڵڵا، دەڵێت: سەرجەم فراکسیۆنە کوردییەکان سوورن لەسەر ئەوەی تا خەڵکی هەرێمی کوردستان نەگرێتەوە رێگە بەتێپەڕبوونی یاساكە نادەن.

جەختی لەوەش کردەوە، یاسای قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەتووان پەیوەندی بە هەموو خەڵک هەیە، هەروەها ئەگەر هەیە گفتوگۆکردن لەسەر یاساکە دوا بخرێت.

شەممە 20ـی تەمووزی 2024 پەرلەمانی عێراق لە یەکەم کۆبوونەوەیدا دوای تەواوبوونی پشووی وەرزای یاسادانان، خوێندنەوەی یەکەمی بۆ هەموارکردنەوەی یاسای دامەزراوەی شەهیدان کرد، ئەم هەموارە بەشێکی پەیوەستە بە مووچەی شەهیدانی هێزە ئەمنییەکان و پێشمەرگە.

Fly Erbil Advertisment