غالب دەعمی: دەستەی دەستپاکی بەراورد بە قەبارەی گەندەڵی لەعێراق دامەزراوەیەکی بچووکە

شرۆڤەکارێکی سیاسی ئاماژە بەوە دەکات، دەستەی دەستپاکی فیدراڵی بەراورد بە قەبارەی گەندەڵی دامەزراوەیەکی بچووکە، دەشڵێت: گەندەڵی لە عێراق دۆسیەیەکی کەڵەکە بووە و چەندین ساڵە بەردەوامە.
یەکشەممە 21ـی تەمووزی 2024، غالب دەعمی شرۆڤەکاری سیاسی لەبارەی گەندەڵیی لە عێراق بۆ کوردستان24 ئاماژەی بەوە کرد کە، دەستەی دەستپاکی فیدراڵی بەراورد بە قەبارەی گەندەڵی لە عێراق دامەزراوەیەکی بچووکە، دەشڵێت: دەستەی دەستپاکی سەلماندوویەتی ڕووبەڕووی گەندەڵی بووەتەوە، گوتیشی: ناتوانین ئامارێکی وردمان لەبارەی گەندەڵی لە عێراق دەستبکەوێت بەڵام ڕێژەکەی کەم نییە، سەرباری ئەوەش دەستەی دەستپاکی پارەیەکی زۆری بۆ بوودجەی عێراق گەڕاندووەتەوە و دەیگەڕێنێتەوە.
لەبارەی دەسەڵاتی گۆڕانکاریی لە حکوومەت و وەزارەتەکان لە بەغدا، ئەوە شرۆڤەکارە گوتی: حکوومەت کە لە پارتە سیاسییەکان پێکهاتووە، بۆیە بابەتی گۆڕان لە وەزارەتەکان تەنها پەیوەندی بە ویستی ڕەهای سەرۆکوەزیران عێراق نییە، بۆ لابردنی هەر وەزیرێک، سەرۆوەزیران پێویستی بە ڕەزامەندی لایەنە سیاسییەکە هەیە، چونکە ناتوانێت خۆی وەزیرەکە لا بدات.
لەبارەی توانای بنبڕکردنی گەندەڵی، ئەو شرۆڤەکارە سیاسییە ئاشکرای کرد، دۆسیەی گەندەڵی دۆسیەکی بەردەوام و کەڵەکە بووە، حکوومەت دوای حکوومەت و چەندین ساڵە بەردەوامە، گوتی: گەندەڵی لە عێراق بووەتە ڕەفتارێکی قەبوڵکراوی سیاسی و لەسەر ئاستی جەماوەریشدا دانی پێدا دەنرێت، کاتێک گەندەڵییەک لە عێراق دەکرێت ، خەڵک پێی ئاساییە و بەشتێکی خراپ نایبینێت، بۆیە کەمکردنەوەی گەندەڵی لە عێراق لە نزیکەوە کارێکی سەختە، دەشڵێت:سەرباری گەندەڵییەکانیش، هیچ خزمەتگوزارییەکیش پێشکەش ناکەن، وەکو بێ کارەبایی، ئاماژەی بەوە کرد، خزمەتگوزارییە گشتییەکان لە تەواوی عێراق بەردەست نین و بێ کارەبایی لە هەموو عێراق هەیە، گوتی: پێویستە بەخود بژێوی بگەین، سەرباری ئەوەش کۆمەڵگەی عێراقی کێشەی بێکاریی هەیە.