دەستەی باڵای بنکەی لالش: کەناڵی سەما بۆ پاراستنی کولتوور و هونەری ڕەسەنی ئێزدییەکان دادەمەزرێت
K24 – دهۆک:
دەستەی باڵای بنکەی لالشی رۆشنبیریی و کۆمەڵایەتی ڕایگەیاند: بە پشتیوانی ڕاستەوخۆی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، لە داهاتوویەکی نزیکدا کەناڵی سەما بۆ پاراستنی کولتوور و هونەری ڕەسەنی ئێزدییەکان دادەمەزرێت.
ڕۆژی (21ـی تەمموزی 2024) دەستەی باڵای بنکەی لالشی رۆشنبیریی و کۆمەڵایەتی ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە کە تێیدا هاتووە: " بنکەی لالشی رۆشنبیری و کۆمەڵایەتی مزگێنی دەداتە هەموو کۆمەڵگەی ئێزدی لە سەرانسەری جیهان، کە بە پشتیوانی ڕاستەوخۆی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە داهاتوویەکی نزیکدا، دامەزراوەیەکی میدیایی بە ناوی (کەناڵی سەما) ڕادەگەیەنێت".
لەبارەی ئامانجی کەناڵەکەوە، دەستەی باڵای بنکەی لالشی رۆشنبیریی و کۆمەڵایەتی ئاماژەی بەوەکردووە: کەناڵەکە بۆ خزمەتی پاراستنی ڕۆشنبیری، کولتوور و هونەری ڕەسەنی ئێزدییەکان دەبێت.
ئەمەش لە کاتێکدایە، ڕۆژی 22ـی حوزهیرانی 2024، ناوهندیی ڕۆشنبیریی و كۆمهڵایهتیی لالش ڕاگهیهنراوێكی بڵاو كردهوه و تێیدا ڕایگهیاندووه، لە سەرەتای دامەزراندنی دەوڵەتی عێراقەوە، بە تایبەتی لە شەستەکانی سەدەی ڕابردوودا، چەند لایەنێک بە ئامانجی سیاسی پێشوەختە هەوڵ دەدەن، ئێزدییەکان لە ڕەگ و ڕیشەی مێژوویی خۆیان وەک بەشێکی ڕەسەنی گەلی کورد جیا بکەنەوە.
پێشتریش لە ڕۆژی 8ـی حوزهیرانی 2024، ئەنجوومەنی ڕۆحانی ئێزدییەکان ڕاگەیەندراوێکی لەبارەی هەوڵی ژمارەیەک لایەن بۆ گۆڕینی ناسنامەی "ئێزدییەکان" لە کوردەوە بۆ نەتەوەیەکی سەربەخۆ، بڵاو کردەوە، تێیدا هاتووە: "ئەنجوومەنی ڕۆحانی ئێزدییەکان بە توندی هەوڵدان بۆ گۆڕینی ناسنامەی ئێزیدی لە کوردەوە بۆ هەر نەتەوەیەکی دیکە و دەستکاریکردنی ئەم شوناسە ڕەت دەکاتەوە. ئێزیدییەکان بەشێکی دانەبڕاون لە گەلی کورد و ڕەگ و ڕیشەی مێژوویی و ڕۆشنبیرییان بە قووڵی لە خاکی کورددا چەسپاوە".
هەروەها پاش نیوەڕۆی ڕۆژی 3ـی حوزەیرانی 2024، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، سەردانی پەرستگەی لالشی لە قەزای شێخان کرد و لەلایەن میر حازم تەحسین بەگ میری ئێزدییان لە کوردستان و جیهان و جڤاتی ڕوحانیی پێشوازی لێکرا و لەو سەردانەیدا دووپاتی کردەوە، ئێزدی و ئێزدییەکان، یەکێک لە ئایین و پێکهاتە ڕەسەنەکانی کوردستانن و هەرچی پێمان بکرێت لەپێناو زیاتر خزمەتکردنیان ئەنجامی دەدەین.