سەرۆکوەزیرانی لوبنان بە جیا لەگەڵ سەرۆککۆمار و سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆ بووەوە

سەرۆکوەزیرانی لوبنان لەگەڵ سەرۆککۆمار و سەرۆکوەزیرانی عێراق
سەرۆکوەزیرانی لوبنان لەگەڵ سەرۆککۆمار و سەرۆکوەزیرانی عێراق

K24 – هەولێر:

سەرۆکوەزیرانی لوبنان سەردانی عێراقی کرد و لەگەڵ هەر یەکە لە سەرۆککۆمار و سەرۆکوەزیرانی عێراق بە جیا کۆ بووەوە، لە کۆبوونەکانیشدا گفتوگۆ لەسەر پێشهاتەکانی گۆڕەپانی سیاسی عەرەبی و نێودەوڵەتیی کرا، هاوکات جەخت لە بەهێزکردنی پەیوەندی دۆستانە و هاوکاری هاوبەشی نێوان لوبنان و عێراق کرایەوە.

یەکشەممە 21ـی تەمووزی 2024 نەجیب میقاتی، سەرۆکوەزیرانی لوبنان و شاندی یاوەری سەردانی بەغدایان کرد و لەیەکەم وێستگەی سەردانەکەیدا لەگەڵ لەتیف ڕەشید، سەرۆککۆماری عێراق کۆ بووەوە.

لە کۆبوونەوەی نێوانیان گفتوگۆ لەسەر گرنگی هەوڵە هاوبەشەکان بۆ ڕاگرتنی هێرشەکانی سەر غەززە و چارەکردنی دۆخە مرۆییەکەی کە پێیدا تێپەڕ دەبێت، کرا. هەروەها هەردوولا جەختیان لە بەهێزکردنی پەیوەندی دۆستانە و هاوکاری هاوبەشی نێوان لوبنان و عێراق کردەوە.

لەتیف ڕەشید، سەرۆککۆماری عێراق تیشکی خستە سەر سەقامگیری ئەمنیی و پڕۆسەی بنیاتنانەوە و ئەو ئاوەدانکردنەوەیەی کە عێراق بەخۆیەوە دەبینێت.

لای خۆیەوە نەجیب میقاتی، سەرۆکوەزیرانی لوبنان ڕایگەیاند: سەردانەکەی بۆ عێراق لە چوارچێوەی پتەوکردنی ئەو پەیوەندییانە و فراوانکردنی ئاسۆی هاوکاری هاوبەشدایە. هاوکات بانگهێشتنامەیەکیشی ئاراستەی لەتیف ڕەشید کرد بۆ ئەوەی سەردانی لوبنان بکات.

سەرۆکوەزیرانی عێراق و لوبنان
سەرۆکوەزیرانی عێراق و لوبنان

میقاتی بانگهێشنامەیەکی ئاراستەی سوودانی کرد تا سەردانی لوبنان بکات

محەمەمد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق پێشوازیی لە نەجیب میقاتی، سەرۆکوەزیرانی لوبنان کرد، هەردوولا جەختیان لە بەردەوامی و بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و لوبنان کردەوە.

لەمیانەی کۆبوونەوەی نێوانیان محەممەد شیاع سوودانی، جەختی لە پێویستی ڕاگرتنی هێرشەکان بۆ سەر لوبنان و فەڵەستین و هەوڵدان بۆ ڕێگریکردن لە فراوانبوونی ململانێکان لەسەر ئاستی ناوچەکە کردەوە.

میقاتی پێزانینی خۆی بۆ هەوڵەکانی حکوومەتی عێراق لە پاڵپشتیکردنی پەیوەندییە ئابوورییەکان لەگەڵ لوبنان دەربڕی، هەروەها هەوڵەکانی عێراقی بەرزنرخاند بۆ پشتیوانیکردن لە نزیکبوونەوە و سەقامگیری لە ئاستی ناوچەکە و  نێودەوڵەتیشدا.

هاوکات نەجیب میقاتی، سەرۆکوەزیرانی لوبنان بانگهێشتنامەیەکی ئاراستەی سەرۆکوەزیرانی عێراق کرد  بۆ ئەوەی سەردانی لوبنان بکات.

Fly Erbil Advertisment