بایدن پشتیوانی خۆی بۆ کامالا هاریس ڕاگەیاند
K24 – هەولێر:
جۆ بایدن پشتیوانی خۆی بۆ کامالا هاریس ڕاگەیاند بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمەریکا وەک کاندیدی دیموکراتەکان.
بایدنی سەرۆکی ئەمەریکا، دوای بڵاوکردنەوەی نامەی دەستبەرداربوونی لە دووبارە خۆکاندیدکردنەوە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمەریکا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک پەیامێکی ئاراستەی دیموکراتەکان کردووە و پشتیوانی خۆی بۆ کامالا هاریس دووپات کردووەتەوە.
بایدن نووسیویەتی: "بڕیارم داوە دووبارە خۆکاندیدکردنەوە قبوڵ نەکەم و هەموو تواناکانم لەسەر جێبەجێکردنی کارەکانم وەک سەرۆک چر بکەمەوە بۆ ئەو ماوەیەی لە خولەکەم ماوە".
سەرۆکی ئەمەریکا باسی لەوەشکردووە: لە 2020 یەکەم بڕیاری وەک کاندیدای دیموکراتەکان ئەوە بوو کە کامالا هاریسی وەک جێگری سەرۆک هەڵبژارد و بە باشترین بڕیاری خۆشی وەسف کردووە و ئاشکراشی کردووە: پشتگیری تەواوی خۆی کاماڵا هاریس وەک کاندیدای دیموکراتەکان بۆ کێبڕکێی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی وڵاتەکەی دووپات کردووتەوە.
بایدن بە دیموکراتەکان دەڵێت: کاتی ئەوە هاتووە کۆببنەوە و لە ترەمپ ببەنەوە و ئێستاش کاتییەتی ئەوە بکەن.