مایڵز کاگینز: ئەگەر هاریس ببێتە سەرۆکی ئەمەریکا زۆرێک لە سیاسەتەکانی بایدن پەیڕەو دەکات
K24 – هەولێر:
توێژەرێکی باڵا لە پەیمانگای هێڵەکانی نوێ لە نیویۆرك، دەڵێت: پێویستە کامالا هاریس پلانێکی ڕوونی هەبێت بۆ سەرکردایەتیکردنی ئەمەریکا لە چوار ساڵی داهاتوودا کە وەک سەرۆک دەست بەکار دەبێت. جەختی لەوە کردەوە، کە هاریس بەردەوام دەبێت لەسەر پەیڕەوکردنی زۆرێک لە سیاسەتەکانی بایدن.
مایڵز کاگینز، توێژەری باڵا لە پەیمانگای هێڵەکانی نوێ لە نیویۆرك، لەمیانەی بەشداریی لە گەشتێکی هەواڵەکانی کوردستان24ـیدا، گوتی: کشانەوەی بایدن لە کێبڕکێی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمەریکا کاردانەوەی گەورەی بەدوای خۆیدا هێناوە، بادین جێگرەکەی خۆی کامالا هاریسی بەربژێر کردووە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمەریکا.
ئەو توێژەرە ڕوونی کردەوە، چەندین کەس و کۆنگرێسمان خواستی ئەوەیان نیشانداوە خۆیان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی لە ئەمەریکا بەربژێر بکەن و کێبڕکێ بکەن.
ناوبراو پێێ وایە، کامالا هاریس و ترەمپ کێبڕکێیەکی توند دەکەن بۆ ئەوەی یەکێکیان بتوانێت پۆستی سەرۆکی ئەمەریکا وەربگرێت.
هاوکات دەڵێت: پێویستە کامالا هاریس پلانێکی ڕوونی هەبێت بۆ سەرکردایەتیکردنی ئەمەریکا لە چوار ساڵی داهاتوودا کە وەک سەرۆک دەست بەکار دەبێت.
جەختی لەوەش کردەوە، ئەگەر هاریس ببێتە سەرۆکی ئەمەریکا بەردەوام بێت لە زۆرێک لەو سیاسەتانەی کە بایدن پەیڕەوی لێ کردووە.
مایڵز کاگینز، گوتیشی: هاریس بژاردەیەکی هەیە بۆ ئەوەی بتوانێت بڕیاری جیاواز دەربکات، ڕەنگە دابینکردنی چەک بۆ ئیسرائیل ڕابگرێت. هەروەها بۆ عێراق و هەرێمی کوردستانیش گرنگ دەبێت کە جێگری سەرۆک ببێتە سەرۆکی ئەمەریکا و بەردەوام بێت لە دابینکردنی پشتیوانی بۆ هەرێمی کوردستان.
ڕۆژی 21ـی تەمموزی 2024 لە نامەیەکی کراوەدا، جۆ بایدن، کشانەوەی خۆی لە کێبڕکێی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمەریکا ڕاگەیاند و ئاماژەی بەوەکرد: لە کاتێکی دیکەی ئەم هەفتەیە زیاتر لەبارەی ئەو بڕیارەوە قسە دەکات.
لە نامەکەیدا، بایدن ئاماژەی بە کارەکانی ماوەی سێ ساڵ و نیوی ڕابردوو کردووە کە وەک سەرۆکی ئەمەریکا کردووێتی و ڕایگەیاندووە: شانازییەکی گەورەی ژیانی بووە کە وەک سەرۆک توانیویەتی خزمەتی ئەمەریکییەکان بکات.
بایدن باسی لەوەشکردووە: ئێستا ئەمەریکا خاوەنی بەهێزترین ئابوورییە لە جیهاندا و وەبەرهێنانی مێژووییان لە بنیاتنانەوەی نەتەوەکەیان کردووە، هاوکات کاریان کرد بۆ کەمکردنەوەی نرخی دەرمان بۆ کەسانی بەساڵاچوو، هەروەها فراوانکردنی چاودێریی تەندروستی گونجاو بۆ ئەمەریکییەکان کردووە و یەکەم ژنی ئەمەریکی ڕەشپێستی بۆ دادگای باڵا دەستنیشان کردووە.
دۆناڵد ترەمپ لە یەکەم کاردانەوەی لەبارەی کشانەوەی جۆ بایدن لە کێبڕکێی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمەریکا، ڕایگەیاند: هەمووان دەیانزانی کە جۆ بایدن شیاو نییە وەک بەربژێر دیموکراتەکان دووبارە ببێتەوە بە سەرۆکی ئەمەریکا و دەشڵێت: شکستپێهێنانی هاریس ئاسانترە لە بایدن.