هاریس دەبێتە یەکەم سەرۆکی ئافرەتی ئەمەریکا؟

کامالا هاریس قسە دەکات - وێنە: ئەرشیف
کامالا هاریس قسە دەکات - وێنە: ئەرشیف

K24 – هەولێر:

دوای کشانەوەی جۆ بایدن لە کێبڕکێی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمەریکا، چاوەکان لەسەر ڕاگەیاندنی فەرمی دیموکراتەکانە ئایا بڕیاری کۆتایی دەدەن لەسەر کاندیدکردنی کامالا هاریس بۆ ڕکابەریکردنی دۆناڵد ترەمپ یان کەسێکی دیکە هەڵدەبژێرن.

لە یەکەم هەڵوێستی دوای ڕاگەیاندنی کشانەوەی لە کێبڕکێی هەڵبژاردن، بایدن پشتیوانی خۆی بۆ کامالا هاریسی جێگری ڕاگەیاند، بۆ ئەوەی وەک کاندیدای دیموکراتەکان بچێتە کێبڕكێی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمەریکا.

هاریس یەکەم ئافرەتی ئەمەریکییە پۆستی جێگری سەرۆکی وڵاتەکەی وەربگرێت و دەبێتە یەکەم ئافرەتی ڕەشپێستیش بچێتە کێبڕکێی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی وڵاتەکەی و ئەگەر لە هەڵبژاردنیش بتوانێت لە ترەمپ بباتەوە، لە دوای باراک ئۆباما، دەبێتە دووەم سەرۆکی ڕەشپێست لە مێژووی ئەمەریکا.

بەشێک لە چاودێران و شرۆڤەکارانی سیاسیی، سەرکەوتنی بایدن لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ساڵی 2020 بەسەر دۆناڵد ترەمپ، بۆ توانا و کەسایەتی کامالا هاریس دەگەڕێننەوە بەڵام هەڵبژاردنی ئافرەتێک بۆ ڕکابەریکردنی ترەمپ هەڵبژاردنەکانی 2016 بە بیری ئەو پارتە دەهێنێتەوە، کاتێک ترەمپ توانی بەسەر هیلاری کلینتن سەربکەوێت، ئەمەش وەک قومارێکی مێژووییە بۆ دیموکراتەکان کە تەنیا چەند مانگێک ماوە بۆ هەڵبژاردن تاوەکوو بڕیاری کۆتایی لەبارەی هاریسەوە بدەن.

لە مێژووی ئەمەریکا؛ کە پرۆسەی هەڵبژاردن و دیموکراسی ماوەیەکی درێژی هەیە کەچی دەنگدەرانی ئەو وڵاتە هیچ کاتێک ئافرەتێکیان بۆ سەرۆکی وڵاتەکەیان هەڵنەبژاردووە و تەنیا جارێکیش پیاوێکی ڕەشپێستیان هەڵبژاردووە بۆ سەرۆکی ئەمەریکا کە بۆ ماوەی دوو خول سەرۆکایەتی کرد، بۆیە ئەگەر دیموکراتەکان هاریس وەک کاندیدی سەرەکی خۆیان پەسەند بکەن بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ترەمپ، دەبێتە گەورەترین ئاڵنگاریی ئایا ژنێکی ڕەشپێست دەتوانێت ئەو پۆستە بباتەوە.

پێشتر نزیکەی 30 سێناتۆری دیموکراتەکان ترسی خۆیان ئاشکرا کرد لە دۆڕاندنی بایدنی 81 ساڵان لە هەڵبژاردنی تشرینی دووەمی ئەمساڵ، ئەویش بەهۆی ئەوەی گومانیان لە توانای دەروونی و جەستەیی بایدن هەبوو، بەتایبەتی لەم ماوەیەی دواییدا دۆخی تەندروستیی بایدن جێگەی پرسیاری زۆری هەموو ئەمەریکییەکان بوو، ئایا دەتوانێت بە شایستەیی ماوەی چوار ساڵی دیکە لە دەسەڵاتدا بمێنێتەوە.

هەرچەندە بایدن ڕۆژی 19ـی تەمموزی 2024، ڕایگەیاند کە دەست لەکارناکێشێتەوە لە کێبڕکێی سەرۆکایەتی بەردەوام دەبێت و دوای چاکبوونەوەی لە تووشبوونی کۆرۆنا، دەست بە بانگەشەی هەڵبژاردن دەکاتەوە و ڕۆژی دواتریش جارێکی دیکە کامالا هاریس لە چالاکییەکی هەڵبژاردندا، پشتگیری خۆی بۆ هەڵبژاردنەوەی بایدن بۆ خولێکی نوێی سەرۆکایەتی ڕاگەیاند.

بەپێی ڕاپرسییەکانی هەفتەی ڕابردوو، هاریس ئەگەر کێبڕکێی ترەمپ بکات هەردووکیان لە ئاستێک دێن بەڵام بایدن لە دوای هەردووکیانەوە بوو، بەتایبەتیش لە ڕاپرسییەکەی کە ڕۆیتەرز-ئیپسۆس کە دوای ڕووداوی تەقە لێکردنەکەی ترەمپ ئەنجامیداوە، هاریس و ترەمب هەردووکیان ڕێژەی 44%ـیان بەدەستهێناوە بەڵام بایدن 41%ـی دەنگەکانی هێنابوو.

لە ناوەڕاستی شوباتی ئەمساڵ، له‌میانه‌ی دیمانه‌یه‌ك له‌گه‌ڵ ڕۆژنامه‌ی (وۆڵ ستریت جۆرناڵ)ـی ئه‌مه‌ریكی، كامالا هاریس ڕایگه‌یاند، ئاماده‌م بۆ خزمه‌تكردن، ئه‌وه‌ی كاره‌كانی منی بینیبێت، له‌وه‌ تێده‌گات توانای سه‌ركرایه‌تی كردنم هه‌یه‌ و گوتیشی: ئە‌گه‌ر كێشه‌ی ته‌ندروستی بۆ جۆ بایدن دروست بێت، ئاماده‌م جێگه‌ی بگرمه‌وه‌ و سه‌ركردایه‌تی ئه‌مه‌ریكا بكه‌م.

دیبەیتەکەی 27ـی حوزەیرانی 2024ـی نێوان بایدن و ترەمپ، بەهۆی لاوازی ئەدای بایدن لە وەڵامدانەوەی ترەمپ و قسەکردندا، دیموکراتەکانی نیگەران کرد ئەمەش وایکرد، فشارێکی زۆر لەنێوخۆی ئەو حزبە لەسەر داواکردن بۆ کشانەوەی بایدن دروست بوو، تا دواجار بایدن بڕیارەکەیدا و پشتیوانی خۆشی بۆ هاریس تا جێگەی بگرێتەوە ڕاگەیاند.

کامالا هاریس تەمەنی 59 ساڵە، نزیکەی 20 ساڵ لە ترەمپ بچووکترە و ئەوەی لە ترەمپ و ڤانسی جێگری جیا دەکاتەوە، دەتوانێت سەرنجی هەموو ڕەشپێستەکانی ئەمەریکا ڕابکێشێت و بە شێوازێکی جیاوازتر ڕووبەڕووی کۆمارییەکان ببێتەوە.

هاریس لە باوکێکی جامایکایی و دایکێکی هیندی لەدایکبووە، لە 2010 بووە یەکەم ڕەشپێست کە وەک داواكاری گشتیی کالیفۆرنیا کاربکات و لە 2016ـش بووە یەکەم ئافرەتی ئەمەریكیی-هیندی کە بووە ئەندام لە ئەنجوومەنی سێناتی ئەمەریكادا. هاوکات لە 2020ـشدا یەکەم ئافرەتی ڕەشپێستی ئەمەریكی بوو، وەک کاندیدی جێگری سەرۆکی ئەمەریكا بچێتە کێبڕکێی هەڵبژاردن و ببێتە یەکەم ئافرەت وەک جێگری سەرۆکی ئەمەریكا.