جۆو بایدن لە ساتی هاتنە ناو سیاسەت و تا کشانەوەی

دوای زیاتر لە 50 ساڵ لە بەشداریکردن لە سیاسەت و وەرگرتنی چەندان پۆستی هەستیار جۆو بایدن سەرۆکی ئەمەریکا و تەمەن 81 ساڵ دواجار بڕیاریدا کاندیدبوونی خۆی لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی بکشێنێتەوە، بایدن لە تەمەنی 29 ساڵی بە ئەندامی ئەنجوومەنی پیرانی ئەمەریکا هەڵبژێردرا، پێشتر دووجار خۆی بۆ پۆستی سەرۆکایەتیی ئەمەریکا هەڵبژاردووە، دواجار لە 2020 وەک 46ـەمین سەرۆکی ئەمەریکا هەڵبژێردرا و زیاتر لە 80 ملیۆن دەنگی بەدەستهێنا، کە پێشتر هیچ کاندیدێکی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمەریکا ئەو ژمارە دەنگەی بەدەست نەهێناوە.
جۆو بایدن سەرۆکی ئەمەریکا، ئەو کەسەی زیاتر لە نیو سەدەیە لە سیاسەت و جومگە ئیدارییەکانی وڵاتەکەی بەشدارە، سەرەڕای فشاری دیموکراتەکان و دەنگدەران بڕیاربوو جارێکی دیکەش لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمەریکا وەک کاندیدای دیموکراتەکان بەشداری بکات، بەڵام لە کۆتاییدا بڕیاریدا کاندیدبوونی خۆی بکشێنێتەوە.
جۆو بایدن لە 20ـی تشرینی دووەمی 1942 لە سکرانتن پێنسڵڤانیا لە دایکبووە، ساڵی 1965 لە زانکۆی دێڵەوێر بڕوانامەی بەکالۆریۆسی هونەرەکان بەدەستهێنا، هەروەها لە ساڵی 1968 لە زانکۆی سیرەکیوز بڕوانامەی لە یاسا بەدەستهێنا.
بایدن لە ساڵی 1969 بووە ئەندام لە حزبی دیموکراتی ئەمەریکا و لە ساڵی 1970 وەک ئەندامی ئەنجوومەنی کەرتی نیوکاسڵ هەڵبژێردرا و تا 1972 لەو پۆستە بەردەوام بوو.
لە ساڵی 1972 لە تەمەنی 29 ساڵی بە ئەندامی ئەنجوومەنی پیرانی ئەمەریکا لە ویلایەتی دێڵەوێر هەڵبژێردرا، بایدن پێنجەم بچووکترین ئەندامی ئەنجوومەنی پیران بووە لە مێژووی وڵاتەکەی، دواتر لە شەش هەڵبژاردنی دیکە بۆ هەمان پۆست هەڵبژێردرا تا 2009 لە ئەنجوومەنی پیران بەردەوام بوو و لە هەریەک لە لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوە، دادی تاوان و سیاسەتەکانی ماددەی هۆشبەر ئەندام بووە.
لە ساڵی 2009 بووە جێگری باراک ئۆباما سەرۆکی پێشووتری ئەمەریکا و تا ساڵی 2017 بەردەوام بوو.
جۆو بایدن لە 1988، 2008 خۆی بۆ پۆستی سەرۆکی ئەمەریکا کاندید کرد بەڵام کشایەوە، لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی لە ساڵی 2020 جۆو بایدن لەسەر پشکی دیموکراتەکان رکابەرایەتی دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی پێشووی ئەمەریکای کرد و وەک 46ـەمین سەرۆکی ئەمەریکا هەڵبژێردرا، لەو هەڵبژاردنە توانی ژمارەیەکی پێوانەیی تۆمار بکات و 81 ملیۆن دەنگ بەدەست بهێنێت.