شەپۆلێکی چەند هەزار کۆچبەری نایاسایی بەرەو ئەمەریکا بەڕێوەن
ترسی دەرچوونەوەی ترەمپ کۆچبەرانی تۆقاندووە

زیاتر لە 3000 کۆچبەری نایاسایی لە نزیکەی 12 وڵاتەوە بە پیادە، سنوورەکانی باشووری مەکسیکیان بەزاندووە و پەلەیانە بەر لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمەریکا سنووری مەکسیک بەرەو ئەمەریکا ببڕن.
بەشێکی زۆر لە کۆچبەرەکان بەو هیوایەن بەر لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی تشرینی دووەم، بگەنە خاکی ئەمەریکا، چونکە دەترسن ئەگەر دۆناڵد ترەمپ سەربکەوێت بەڵێنەکەی جێبەجێ بکات و بە تەواوی سنوورەکان بەڕووی کۆچبەراندا دابخات.
ئاژانسی ئەسیۆشێتد پرێس لە نێوا ئەو شەپۆلە کۆچبەرە نایاساییەی بەرەو ئەمەریکا بەڕێوەن، چەند کەسێکیانی دواندووە و یەکێک لە کۆچبەرەکان بە ناوی میگێل سالازار، کە خەڵکی سالڤادۆرە دەڵێت: "ئێمە ترسی ئەوەمان هەیە ڕێگەپێدان بۆ پەڕینەوە لە سنوور قەدەغە بکرێت."
ئەو کۆچبەرە ترسی لەوەیە دۆناڵد ترەمپ، کاندیدی کۆمارییەکان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمەریکا دەربچێتەوە و ئیدارەکەشی چاوپێکەوتن لە ڕێگەی پرۆگرامی CBP One لەگەڵ کۆچبەران ڕابگرێت، کە بەرنامەیەکی مۆبایلە و لەلایەن کۆچبەرانەوە بۆ دەربازبوونە نێو ئەمەریکا بەکار دەهێنرێت.
بەرنامەی CBP One لە 28ی تشرینی یەکەمی 2020، دەستەی گومرگ و پاراستنی سنووری ئەمەریکا، ئەم بەرنامەی بێبەرانبەر لەسەر سیستمی ئەپڵ و ئاندرۆیدی مۆبایل وەک خزمەتگوزارییەک کارا کرد بەمەبەستی پەرەپێدان بە کەرتی گەشتیاریی و بازرگانی، بەڵام بەرنامەکە تەنیا لە سنووری مەکسیکۆ سیتی پایتەختی مەکسیک و ناوچەکانی باکووری ئەو وڵاتە کار دەکات بۆ ئەوەی کۆچبەران بتوانن فۆرمی بەرنامەکە پڕ بکەنەوە و وەڵامی پرسیارەکانیش بدەنەوە تاوەکوو دەرفەتی پەڕینەوە بۆ خاکی ئەمەریکا بەدەست بێنن.
سالازاری تەمەن 37 ساڵ دەڵێ "هەموو کەسێک دەیەوێت ئەم بەرنامەیە بۆ پەڕینەوەی سنووری ئەمەریکا بەکار بهێنێت."
ئەسیۆشێتد پرێس، چاودێریی هەنگاو بە هەنگاوی ئەو سێ هەزار کۆچبەرە دەکات و نووسیویەتی" دوێنێ یەکشەممە 21ی تەممووز، ئەو شەپۆلەی کۆچبەران لە سنووری مەکسیک - گواتیمالا بە پیادەڕەوی لە قەراخ ڕووبارێکەوە دەربازی شارۆچکەی سیوداد هێدالگۆ لە باشووری مەکسیک بوون و بەرەو سنووری ئەمەریکا هەڵدەکشێن. بە گوتەی هەندێکیان لە کۆچبەرەکان چەند هەفتەیەکە لە سیوداد هێداڵگۆ چاوەڕێی مۆڵەت بوون بۆ گەشتکردن بەرەو باکووری مەکسیک".
کۆچبەرانی ئەمەریکای باشوور بۆ گەیشتن بە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لە ڕێگەی مەکسیکەوە، لەم ساڵانەی دوایی بەهۆی هێرش و پەلاماری چەتە و ڕێگرە مەکسیکییەکان لە تاکە کەسییەوە بۆ گرووپ و دەستە گۆڕیوە، بەڵام زۆرجار کاروانی کۆچبەران لە باشووری مەکسیک بڕستیان لێ دەبڕێت و توانای ڕۆیشتنیان نامێت، چونکە خەڵک ماندوو دەبن لە ڕۆیشتن بە سەدان کیلۆمەتر. جیا لەمەش، حکوومەتی مەکسیک ڕێکارەکانی گەشتی کۆچبەرانی بە پاس و شەمەندەفەر بۆ گەیشتن بە سنووری ئەمەریکا قورستر کردووە.
کۆچبەرێکی دیکەی خەڵکی کۆبا بە ناوی ئۆسوالدۆ ڕێینا، تەمەن 55 ساڵ باس لەوە دەکات "45 ڕۆژ لەمەوبەر لە گواتیمالاوە پەڕیوەتەوە مەکسیک و لە سیوداد هیداڵگۆی باشووری ئەو وڵات چاوەڕێی کردووە بۆ ئەوەی بچێتە ڕیزی ئەو شەپۆلە کۆچبەرانەوە".
ئەم کۆچبەرە کوباییە، ڕەخنەی لە لێدوانەکانی ئەم دواییەی ترەمپ دەگرێت کە لە بارەی کۆچبەرانەوە داویەتی و ئاماژەی داوە، کۆچبەران هەوڵی داگیرکردنی ئەمەریکا دەدەن، بەڵام ڕێینا دەڵێت "ئێمە سەرپێچیکار نین، بەڵکو خەڵکێکی زەحمەتکێشین و وڵاتەکەمان جێهێشتووە بۆ لە ژیاندا بمێنینەوە، چونکە وڵاتەکەم بەدەستی هەژارییەوە شپرزە بووە."
بە گوێرەی ئامارەکانی حکوومەتی ئەمەریکا، پەڕینەوەی کۆچبەرانی نایاسایی لە مەکسیکەوە بە ئەمەریکا بەڕادەی پێشبینی نەکراو لە زیادبوونە و ئامارەکان دەریان خستووە زیادبوونەکە بە ڕێژەی %167 و مەزندە دەکرێت زیاتر لە هەشت ملیۆن کۆچبەری نا یاسایی لە ئەمەریکا هەبن بەو پێیەی تەنیا لە نۆ مانگی ساڵی ڕابردوو 600 هەزار کۆچبەر بە نا یاسایی سنووری مەکسیک – ئەمەریکایان بەزاندووە.