ئێران و سوودان دوای هەشت ساڵ باڵیۆزخانەکانیان دەکەنەوە

سەرۆکی ئەنجوومەنی سەروەری و فەرماندەی سوپای سوودان، عەبدولفەتاح بورهان، لە شاری پۆرتسوودان 'پایتەختی کاتی' پەڕاوی حەسەن شا، وەک باڵیۆزی نوێی ئێران لە سوودان وەرگرت، پاش هەشت ساڵ لە پچڕانی پەیوەندیی نێوان هەردوو وڵات.
حوسێن ئەمین، بریکاری وەزیری دەرەوەی سوودان لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، باڵیۆزی ئێران پەڕاوەکانی دەستبەکاربوونی پێشکەش کرد، ئەمەش دەستپێکی قۆناغێکی نوێیە لە پرۆسەی پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان هەردوو وڵات.
جەختیشی لەسەر بەهێزی پەیوەندی نێوان سوودان و ئێران کردەوە، ئاماژەی بەوەش کرد، سەرۆکی ئەنجوومەنی سەروەری بەخێرهاتنی باڵیۆزی نوێی ئێرانی کرد.
لە بەرامبەردا باڵیۆزی ئێران گوتی: پێشکەشکردنی پەڕاوە فەرمییەکان "لە چوارچێوەی کۆدەنگیی هاوبەشی نێوان هەردوو وڵات، سەبارەت بە ئاڵوگۆڕی باڵیۆزەکان و بەرەوپێشبردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان دێت"، دەشڵێت: "هەموو توانای خۆی بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییەکان و هاوکاریی نێوان کۆماری ئیسلامیی ئێران و سوودان دەخاتە گەڕ".
حەسەن شا، باڵیۆزی نوێی ئێران لە سوودان ڕایگەیاند، "وڵاتەکەی پشتیوانی لە سەروەریی نیشتمانیی و یەکپارچەیی خاکی سوودان دەکات".
لەهەمان چوارچێوەدا، سەرۆکی ئەنجوومەنی سەروەری سوودان ماڵئاوایی لە باڵیۆزی وڵاتەکەی لە ئێران، عەبدولعەزیز حەسەن ساڵح کرد.
لە مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی ڕابردوودا، سوودان دەستپێکردنەوەی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی لەگەڵ ئێران ڕاگەیاند، دوای ئەوەی کۆبوونەوەکانی نێوان بەرپرسانی ئەو دوو وڵاتە کرا، کە چەند مانگێکی خایاند.
ئەنجوومەنی سەروەری سوودان ئاماژەی بەوە کرد، ئاسایی کردنەوەی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئێران، بۆ بەدەستهێنانی پشتیوانیی سەربازییە بۆ سوپا لەو شەڕەی کە ساڵ و نیوێکە دژی هێزەکانی پشتیوانی خێرا دەیکەن، دەشڵێ: ئەوە لەکاتێکدایە ئێران هەوڵ دەدات پێگەیەک لە کەناراوەکانی سوودان لەسەر دەریای سوور، بدۆزێتەوە.
لە 15ـی نیسانی 2023ەوە، شەڕ لە نێوان سوپای سوودان و هێزەکانی پشتیوانی خێرا لە سوودان سەریهەڵدا، سەرەڕای ئەوەی بەناوبژیوانی سعوودیە و ئەمەریکا چەندین جار کۆبوونەتەوە بۆ ئەوەی ڕێککەوتنی ئاگربەست بکەن، بەڵام تاوەکو ئێستا شەڕ بەردەوامە کە بووەتە هۆی کوژران و بریندار بوونی دەیان هەزار کەس، هەروەها زیاتر لە هەشت ملیۆن سوودانیش ئاوارە بوون.