کەرکووک.. پێكنههێنانی حكوومهتی خۆجێیی، زۆرێك له پرۆژەکان وەستاون
کەرکووک ئێستا بێپارێزگارە و لە بۆشاییەکی ئیداری و دوور لە دەسەڵاتی چاودێرییدایە. 400 ملیار دیناری بودجەی ساڵی 2024 و 700 پلەی دامەزراندن لە چاوەڕوانی پێکهێنانی ئیدارە و حکوومەتی خۆجێیی کەرکووکدان.
کەرکووک ئێستا بێپارێزگارە و ئەنجوومەنێکی هەڵبژێردراوی بێدەسەڵاتی هەیە، پرۆژەکان وەستاون و دامەزراندن و ناردنی پارەش لە بەغداوە پەیوەستە بە پێکهێنانی ئیدارە و ئەنجوومەنی پارێزگا .
عەلی حەمادی، جێگری پارێزگاری کەرکووک بۆ کاروباری هونەری دەڵێت، "پلانی بودجەی 2024ـی عێراق بۆ پرۆژەکانی کەرکووک، نزیکەی 400 ملیار دینارە، سەرجەم کەرتەکان دەگرێتەوە و پێویستی بە لیژنەکانی ئەنجوومەنی پارێزگایە کە بەبێ ئەوان ناتوانین هیچ پلانێک جێبەجێ بکەین. هەروەها حەوت هەزار پلەی دامەرزاندن هەیە کە بەبێ ئەو لیژنانە جێبەجێ ناکرێن".
ئەندامانی ئەنجوومەن لە فراکسیۆنە جیاوازەکان، ڕۆژانە سەرێک لە ئەنجوومەنەکە دەدەن، جارجاریش پێکەوە دادەنیشن و گفتوگۆ دەکەن، ئارەزووی ڕێککەوتن لە ڕووخسار و تەنانەت قسەکانیشیاندا دیارە، بەڵام بڕیارەکان لە سەرووی ئەوانەوە دەدرێن.
حەسەن مەجید، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک، "خەڵکی شارەکە لە چاوەڕاونیی پێکهێنانی حکوومەتی خۆجێیدان؛ هیوادارین لەو ماوەیەی دیاری کراوە، لایەنە سیاسییەکان لەسەر دابەشکردنی پۆستەکان ڕێک بکەون و ئێمەش وەکوو ئەندامانی ئەنجوومەن، وەکو تیمێک کارەکانمان بکەین و ببینە چاودێرێکی باش بۆ کار و پرۆژەکانی پارێزگاکە".
پۆستی پارێزگاری کەرکووک، حەوت مانگە ڕێککەوتنی لایەنەکانی دواخستووە و هێشتا ئەگەرەکانی ڕێککەوتن لاوازن.
تائيستا هیچ ڕێککەوتنێک لەبارەی پێکهينانی حکوومەتی خۆجێیی کەرکووک لە ئارادا نییە، ئەمەش ئەوە دەردەخات گفتوگۆی لایەنەکان بێئەنجام بووە، ئاماژەکان بەو ئاراستەن کێشەکە دوور لە خواستی کەرکووکییەکان لە بەغدا یەکلایی بکرێتەوە.