گرووپێکی چەکداری عێراق هەڕەشە لە ئیسرائیل دەکات

بەرێوەبەری سەنتەری عێراقی بۆ لێكۆڵینەوەی ستراتیجی، بەھۆی بوونی گرووپە چەكدارەكانەوە هۆشداریی لە مەترسییەكانی گەیشتنی شەڕی ئیسرائیل بە عێراق دەدات. ئەمەش لە كاتێكدایە كە سەرکردەی یەکێک لەو گرووپانە هەڕەشەی ئەوە دەکات هێرشەکانیان بۆ سەر ئیسرائیل زیاد دەکەن و دەڵێت، "ھێرشەكانی ئیسرائیل بۆ سەر حووسییەكان بێ وەڵامدانەوە تێ ناپەڕێت".
ھێرشەكانی ئیسرائیل بۆ سەر پێگەكانی حووسییەكان لە یەمەن كاردانەوەی گرووپە چەكدارەكانی عێراقی لێ كەوتووەتەوە.
سەرکردەی یەکێک لەو گرووپانە هەڕەشەی زیادكردنی هێرشەکان بۆ سەر ئیسرائیل دەکات و دەڵێت "پەلاماردانی یەمەن لاپەڕەیەکی نوێیە لە تاوانەکانی ئیسرائیل، کە بێسزا و وەڵامدانەوە تێ ناپەڕێت".
ئەکرەم کەعبی، ئەمینداری گشتی بزووتنەوەی نوجەبا كە یەکێکە لە گرووپە چەکدارەکانی ناسراو بە بەرەی موقاوەمەی عێراق، هەڕەشەی لە ئیسرائیل کرد و ڕایگەیاند، پەلاماردانی ژێرخانی یەمەن لاپەڕەیەکی نوێیە لە تاوانەکانی ئیسرائیل کە بێسزا و وەڵامدانەوە تێ ناپەڕێت.
ھاوكات توێژەرێكی عێراقی هۆشداریی لە مەترسییەكانی گەیشتنی شەڕەكە بە عێراق دەدات لە قۆناغی داهاتوودا و دەڵێت "بەھۆی بوونی گرووپە چەكدارەكانەوە ئەو شەڕە كاردانەوەی لەسەر عێراقیش دەبێت".
غازی فەیسەڵ، بەرێوەبەری سەنتەری عێراقی بۆ لێكۆلینەوەی ستراتیجی، بە كوردستان 24ـی ڕایگەیاند، ھاوشێوەی ھێرشەكەی ئیسرائیل بۆ سەر پێگەكانی حووسییەكان لە یەمەن، پێشبینی پەلاماردانی پێگەكانی گروپە چەكدارەكانی بەرەی موقاوەمە لە عێراق و سووریاش دەكرێت.
دەشڵێت، پێشتریش چەندان جار فڕۆكە جەنگییەكانی ئیسرائیل پێگەكانی حزبوڵڵای عێراقی لە جورف ئەلسەخری نزیک شاری کەربەلا و تەنانەت لە نێو خودی بەغداش بۆردوومان كرد و چەندین سەركردەی گروپە چەكدارەكانی کوشتووە.
ئەگەری بەرفراوانبوونی شەڕوپێكدادانەكان لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست لە كاتێكدایە، ڕۆژی شەممەی ڕابردوو لە وەڵامی ھێرشێكی حووسییەكانی یەمەن بۆ سەر شاری تەلئەڤیڤ، فڕۆكە جەنگییەكانی ئیسرائیل پێگە سەربازییەكانی حووسییەكانیان لە شاری حودەیدە بۆمباران كرد.