لاپید: هەرچی زووە دەبێت 10 هەزار لاوی حەرێدیم بخرێنە خزمەتی سەربازی
یائیر لاپید، سەرکردەی بەرەی ئۆپۆزسیۆنی ئیسرائیل دەڵێ: چەکدارانی لاو، پێویستییەکی ئەمنییە و دەبێت نزیکەی 10 هەزار لاوی حەرێدیم هەرچی زووە چەکدار بکرێن و بخرێنە خزمەتی سەربازی.
لاپید، لەگەڵ ئەوەی خۆشحاڵی خۆیی دەربڕی بەوەی کە سوپای ئیسرائیل یادداشتی ئاراستەی پیاوانی ئایینی کردووە بۆ چەکدارکردنی لاوانی حەرێدیم، لە هەمانکاتدا ڕەخنەی لە بڕیارەکەی سوپای گرتووە کە بۆ ئەم ساڵ تەنیا سێ هەزار لاوی حەرێدیم دەخاتە ڕیزەکانییەوە کە تەمەنیان لە 18 بۆ 26 ساڵانە.
هەروەها ڕایگەیاندووە، پێویستیە هەرچی زووە نزیکەی 10 هەزار لاوی حەرێدیم بکرێنە سەرباز و بخرێنە خزمەتی سوپا، هەربۆیە جەخت دەکەینەوە و دەبێت وەزارەتی بەرگریی پەلە بکات و فەرمانەکانی خێراتر بکات بۆ ئەوەی ژمارەی ئەندامانی سوپا بگاتە ئاستی پێویست.
پێنجشەممەی ڕابردوو، یوئاف گالانت وەزیری بەرگری ئیسرائیل ڕەزامەندی لە سەر دەرکردنی هەزار فەرمان دا، بۆ ئەوەی لاوانی حەرێدیم بکرێنە سەرباز، ئەمەش وەک هەنگاوی جێبەجێکردنی ئەو بڕیارەی دادگای باڵای ئیسرائیل لە حوزەیرانی ڕابردوو دەریکرد بۆ هەڵوەشاندنەوەی هەر عورف و عادەتێک لە بەخشینی توێژی لاوانی پەیڕەوانی ئایینی کە بە 'حەرێدیم' ناسراون، لە خزمەتی سەربازی.
لەلایەن خۆیەوە وەزارەتی بەرگری ئیسرائیل سێ قۆناغی بۆ چەکدارکردنی لاوانی حەرێدیم داناوە بۆ ئەوەی هەنگاو بە هەنگاو لە ڕیزەکانی سوپای جێگیریان بکات و بەشداریی لە شەڕەکاندا بکەن.
لاوانی جوو وابەستە بە پەیڕەوی ئایینەوە بە حەرێدیم ناسراون بڕوایان وایە خۆتەرخان کردن بۆ خوێندنی تەورات و پەرە بەخۆدان لە ناوەندەکانی خوێندنی ئایینی لە پێشترە لەوەی لە بواری دیکەدا خزمەت بکەن. ئەم کارەیان بە پاراستنی ناسنامەی جووەکان دەزانن، ئەمەش لە کاتێکدایە کۆی کۆمەڵگەی جوو بە 9.9 ملیۆن کەس دادەنرێت و حەرێدیمەکانیش 13% کۆمەڵگەی جووەکان پێک دەهێنن.