ڕوانگەی سووریی بۆ مافەکانی مرۆڤ: تورکیا ڕۆژانە 100 پەنابەر بەزۆر دەنێرێتەوە سووریا

ڕوانگەی سووریی بۆ مافەکانی مرۆڤ ڕایگەیاند، تورکیا دەستی کردووە بە ڕاگواستنی زۆرەملێی پەنابەرانی سووریا بۆ ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی خۆی لە سنوورەکانی سووریا، دەشڵێت، دەسەڵاتدارانی تورکیا ڕۆژانە، 100 پەنابەری سووری لەرێگەی چوار دەروازەوە ڕەوانەی وڵاتەکەیان دەکەنەوە.
ڕوانگەی سووریی بۆ مافەکانی مرۆڤ ڕایدەگەیەنێت، لەماوەی مانگی تەمموزدا سێ هەزار و 540 پەنابەری سووری کە هەڵگری کارتی پارێزگاری کاتیی بوون بە زۆرەملێ بەرەو باکووری سووریا، ئەو ناوچانەی لەژێر دەستی تورکیادان ڕاگوێزراون، کە تەنیا لەماوەی هەفتەیەکدا 840 پەنابەر ڕاگوێزراون.
ڕوانگە، ئاماژەی بەوەش کردووە، تورکیا 125 خێزانی بەمەبەستی ناردنەوەی بە زۆر، لە کەمپەکانی ناردنەوەی بە زۆرەملێ دەستەبەسەر کردوون، ڕۆژی هەینیی ڕابووردو 120 لەو خێزانانەی ڕەوانەی باکووری سووریا کردوونەتەوە.
ڕوانگە ئەوەش دەخاتە ڕوو: دەسەڵاتدارانی تورکیا لە رێگەی دەروازەکانیان لەگەڵ سووریا ڕۆژانە 100 پەنابەری سووری بە زۆرەمڵی دەنێردرێنەوە کە زۆرینەیان هەڵگری کارتی پارێزگاری کاتیی بەمەبەستی نیشتەجێکردنیان لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی خۆی لە قەڵغانی فورات و چڵە زەیتوون، بەهاری ئاشتی لەپێناو شەرعیەتدانی بەمانەوەی لەو ناوچانە کە بە هێزی سەربازی داگیریانی کردووە.
ڕوانگەی سووریی بۆ مافەکانی مرۆڤ، ئەو ڕێوشوێنانە سەرکۆنە دەکات و دەڵێت: دەسەڵاتدارانی تورکیا بەشێوەیەکی ناپیشەیی و نا مرۆڤانە مامەڵە لەگەڵ دۆسیەی پەنابەراندا دەکەن و سیاسەتی ڕاگواستنی بەزۆر دژیان جێبەجێ دەکات، داواش لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکات بەرپرسیاریەتی دۆسیەی پەنابەرانی سووریا لە تورکیا بگرنە ئەستۆ و ڕێگریی لە گەڕانەوەی پەنابەران بکەن بە پاساوی بوونی ناوچەی سەلامەت.
پەیوەندیی نێوان هاووڵاتیانی تورکیا و پەنابەرانی سووریا لەو وڵاتە لە سێ هەفتەی ڕابردوودا بەشێوەیەکی کتوپڕ گرژی تێ کەوت، ئەمەش دوای ئەوەی پەنابارێکی سووری بە تۆمەتی دەستدرێژیکردنە سەر منداڵێکی پێنج ساڵان دەستگیر کرا؛ ئەمە بووە هۆی ئەوەی دەیان کاسبکار و پەنابەری سووری لەلایەن هاووڵاتیانی تورکیا هێرشیان بکرێتە سەر. لەکاردانەوەشدا هاووڵاتیانی سووری لە سنوورەکان هێرشیان کردە سەر سوپای تورکیا و ئاڵای ئەو وڵاتەیان هێنایە خوار، لە ئاکامدا نزیکەی 500 کەس لە لێکەوتەی ئەو توندوتیژیانە دەستگیر کران.