سەرکردەیەکی مەترسیداری داعش دەستگیر کرا

لەدوای دەستگیرکردنی سەرکردەیەکی داعش لە لایەن دەسەڵاتدارانی ئەمنیی عێراقەوە لە فەللوجە، دانی نا بەبوونی گۆڕێکی بە کۆمەڵ لە شوێنێک کە بە گۆڕستانی "ئەلمەساڵحە" ناسراوە، کە دەکەوێتە ناحیەی سەقڵاویەی سەر بە فەللوجە، ژمارەی قوربانییەکانیش پێنج کەس بوونە و ئەندامانی دەزگا ئەمنییەکانیشیان تێدا بووە.
گوتەبێژی دەزگای ئاسایشی عێراق، ئەرشەد حاکم، ڕایگەیاند، تەرمی ئەو قوربانیانەی کە لە گۆڕستانی "ئەلمەساڵحە" بووە دۆزراونەتەوە، جەختیشی لەوە کردەوە، ژمارەی قوربانیانی گۆڕستانەکە یەک دەگرێتەوە لەگەڵ دانپێدانانی ئەو تیرۆریستەی کە نازناوی "ئەبو هیبە"یە، دەشڵێت: ئەو داعشە بەرپرسی ئەمنی ڕێکخراوەکە بووە لە فەللوجە، لە ئۆپەراسیۆنێکدا کە لەلایەن دەزگای ئەمنیەکانەوە کرا، دەستگیر کرا.
شەممەی ڕابردوو، دەزگای ئاسایشی نیشتمانی عێراق دەستگیرکردنی ئەبو هیبەی ڕاگەیاند، کە بە "یەکێک لە سەرکردە مەترسیدارەکانی داعش دادەنرێت و نازناوی "ئەبو هیبە"ـی لێنراوە، و بەپێی ماددەی 4ـی یاسای تیرۆر کە سزاکە دەگاتە سزای لەسێدارەدان، دادگایی دەکرێت".