سەرۆکی لیژنەی تەندروستی: پێویستە زۆرینەی نەخۆشخانەکانی بەغدا بڕووخێنرێن
سەرۆکی لیژنەی تەندروستی و ژینگەی پەرلەمانی عێراق لای وایە زۆربەی نەخۆشخانە حکوومەتییەکانی ئەو وڵاتە مەرجی بیمەی تەندروستییان تێدا نییە.
عێراق، کە دەوڵەمەندە بە نەوت و سامانی سرووشتی، کەرتی تەندروستییەکەی لە مەترسیدایە و هێشتا کێشەی سیستەم و بیمەی تەندروستی و بەگشتی ژێرخانی ھەیە.
ماجد شنگالی، سەرۆکی لیژنەی تەندروستی و ژینگە لە پەرلەمانی عێراق، ئاشكرای كرد، زۆربەی نەخۆشخانە حکوومەتییەکان مەرجەكانی بیمەی تەندروستییان تێدا نییە و بەھۆی خراپی ژێرخان و پێداویستییەكانەوە؛ بیمەی تەندروستی نایانگرێتەوە. گوتیشی، بەشێكی زۆری نەخۆشخانەکانی بەغدا پێویستە بڕووخێنرێن و سەرلەنوێ دروست بكرێنەوە.
سەرۆکی لیژنەكە ڕاشیگەیاند، بەرکەوتەی چاودێریی تەندروستی بۆ هەر کەسێکی عێراقی ساڵانە 200 دۆلارە و ئەمەش بەراورد بە وڵاتانی دراوسێ بڕێکی کەمە.
شنگالی ئەوەشی خستە ڕوو، لە عێراق بیمەی تەندروستی بە مانای ڕاستەقینەی خۆی نییە، پێویستی بە بڕە پارەیەکی زۆر و هاوبەشی لەگەڵ کەرتی تایبەت هەیە.
سەرەتای ساڵی ڕابردوو، دەستەی بیمەی تەندروستی لە عێراق پرۆژەی بیمەی دەست پێ كرد و ڕایگەیاند لە قۆناغی یەکەمدا 300 هەزار کەس لێی سوودمەند دەبن، كە نەخۆشخانە حکوومەتی و تایبەتەکانیش دەگرێتەوە.
ئەمەش لەكاتێكدایە سەرۆکی لیژنەی تەندروستی و ژینگە لە پەرلەمانی عێراق، دەڵێت، ئێستا کەرتی تایبەت ڕێگری لە بیمەی تەندروستی دەکات و ڕوونیشی كردەوە، بۆ قۆناغی دووەم 700 هەزار کەس لێی سوودمەند دەبن.