زەینەب بەیروتی: ماددەی هۆشبەر تاوانێکە سنوورەکانی تێپەڕاندووە

پسپۆرێکی بەڵگەی تاوان لە عێراق ئاشکرای دەکات، بازرگانانی ماددەی هۆشبەر حەبی کپتاگۆن لە وڵاتانی دراوسێوە دێننە نێو عێراق، دەشڵێت: ماددەی هۆشبەر تاوانێکە سنوورەکانی تێپەڕاندووە.
دووشەممە 22ـی تەممووزی 2024، دکتۆر زەینەب بەیروتی، پسپۆری بەڵگەی تاوان بۆ کوردستان24 ئاماژەی بەوە کرد، ماددەی هۆشبەر تاوانێکە سنوورەکانی تێپەڕاندووە، زیادبوونی ڕێژەی ئاڵوودەبوونیش بەگوێرەی ماددە هۆشبەرەکانە، دەڵێت: ئەو ماددانەی لەنێو عێراقدان ماددەی کیمیایین کە کریستاڵ و کپتاگۆنن، کاریگەریی لەسەر دەمارەکان و هەستەکانی مرۆڤ دەکات، دەبێتە مەترسی زۆر گەورە بۆ مرۆڤ و تەواوی عێراق.
ئەو پسپۆرە گوتی: مافیاکانی ماددەی هۆشبەر تەنها قازانجیان دەوێت، تەنها ئەوەی ماددە هۆشبەرەکە دەگوازێتەوە، 35 ملیۆن دینار وەردەگرێت، کەواتە مافیاکان مەبەستیان ئەوەیە پارە قازانج بکەن، دەشڵێت:ئێستا پشکنینی زۆر ورد لە بەندیخانەکان دەکرێت بۆ ڕێگەگرتن لە تێپەڕینی ماددەی هۆشبەر بۆ نێو بەندیخانەکان، بەتایبەتیش لەڕێگەی سەگی پۆلیسی، داوای لە دایکانیش کرد بۆنی سەر و جلی منداڵەکانیان بکەن، چونکە بۆنی تایبەتیان لێ دێت ئەگەر بەکارهێنەری ماددەکە بن، لەگەڵ ئەوەش کامیرای چاودێری هەیە بۆ ڕێگەگرتن لەوانەی دەیانەوێت ماددەی هۆشبەر ببەنە نێو زیندانەکان.
گوتی: ئێستا دوو کارگە دۆزراونەتەوە کە کارگەی زۆر سەرەتایین، کەسەکانیش دەستگیرکراون، ئاشکرای دەکات: حەبی کپتاگۆن لە وڵاتانەوە دێتە نێو عێراق، سنوورەکان زۆر فراوانن و ناتوانرێت تەواو کۆنتڕۆڵ بکرێت، ئاشکرا کردنی ئەوانەی ئاڵوودەن زۆر ئاسان بووە لەڕێگەی پشکنینی خێرا، .
دووشەممە، 22-07-2024، دووەم کۆنگرەی نێودەوڵەتیی بەغدا بۆ ڕووبەڕووبونەوەی ماددەی هۆشبەر به بهشداری نوێنهرانی ههر یهك له عێراق، سعوودیه، ئێران، كوهیت، ئێران، سووریا و میسر بەڕێوە چوو.
محەممەد شییاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە کۆنگرەکەدا گوتارێکی پێشکەش کرد و گوتی: "هەماهەنگیمان لەگەڵ وڵاتان کردووە بۆ ڕووبەڕووبونەوەی گرووپە تیرۆریستییەکان و بازرگانانی ماددە هۆشبەرەکان".
سوودانی باسی لەوەش کرد "بازرگانانی ماددەی هۆشبەر هەوڵ دەدەن وڵاتەکەمان لاواز بکەن، هەروەها هەوڵی هەڵوەشانەوەی بناغەی کۆمەڵگەی ئێمە دەدەن، دەیانەوێت فەرهەنگ و پێکهاتەکانی خێزان لاواز بکەن. بازرگانانی ماددەی هۆشبەر گەنجەکانیش تووش دەکەن".
سەرۆکوەزیرانی عێراق دووپاتیشی کردەوە: "ماددە هۆشبەرەکان دەبێتە هۆی لاوازکردنی وڵاتەکەمان، هەروەها ڕێگرییش دەکات لە بەرەو پێشبردنی عێراق و ئابووریش لاواز دەکات. ئەوەش ئەو ئامانجەیە کە دەمانەوێت ڕووبەڕووی ببینەوە، ئەگەر ستراتیجیی خۆمان دیاری بکەین، ئەوە دەتوانین سەرکەوتوو بین".