ئه‌مه‌ریكاییه‌كان دیدگه‌ی جیاوازیان له‌ باره‌ی كشانه‌وه‌ی بایدن له‌ كێبه‌ركێی هه‌ڵبژاردنه‌كانی سه‌رۆكایه‌تیدا هه‌یه‌

كشانه‌وه‌ی جۆو بایدن، كاندیدای دیموكراته‌كان بۆ پۆستی سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا له‌ كێبه‌ركێی هه‌ڵبژاردنه‌كاندا، ناوخۆی ئه‌مه‌ریكا و جیهانی به‌ خۆوه‌ سه‌رقاڵ كرد و بۆچوونه‌كان له‌ باره‌ی كاریگه‌رییه‌ ئه‌رێنی و نه‌رێنییه‌كانی ئه‌و بڕیاره‌ی بایدن، پێچه‌وانه‌ و جیاوازن، نه‌خاسمه‌ ئه‌مه‌ریكاییه‌كان دیدگه‌ و بۆچوونی جیاوازیان هه‌یه‌ و به‌سه‌ر دوو به‌ره‌ی سه‌ره‌كی و به‌ره‌یه‌كی دیكه‌ی مامناوه‌ند كه‌ خۆی به‌ بێلایه‌ن نیشان ده‌دات، دابه‌ش بوونه‌.

كوردستان24 له‌ میانی گه‌شتی هه‌واڵه‌كان و به‌رنامه‌ی باسی ڕۆژدا كه‌ له‌ لایه‌ن ژینۆ محه‌ممه‌د پێشكه‌ش ده‌كرێت، دیدگه‌كان له‌م باره‌وه‌ ده‌خاته‌ ڕوو و بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌یش میوانداری هه‌ر یه‌ك له‌ دامه‌زرێنه‌ر و سه‌رۆكی تۆڕی زانیاریی و سیاسیی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و دیپلۆماتكارێكی ئه‌مه‌ریكایی سه‌ر به‌ دیموكراته‌كان و كاندیدایه‌كی كۆمارییه‌كان بۆ كۆنگرێس كردووه‌ و له‌ ناوبڕێكیشدا په‌یامنێری كوردستان24 له‌ واشنتن زانیاریی بۆچوونه‌ گشتییه‌كان ده‌گوازێته‌وه‌.

له‌ سه‌ره‌تادا ئێریك ماندڵ، دامه‌زرێنه‌ر و سه‌رۆكی تۆڕی زانیاریی و سیاسیی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست له‌ میانی به‌شداریكردنی له‌ گه‌شتی هه‌واڵه‌كانی كاتژمێر هه‌شتدا پێی وابوو، ئێسته‌ ئه‌مه‌ریكاییه‌كان له‌ دۆخێكی تایبه‌تدان به‌هۆی كشانه‌وه‌ی جۆو بایدن له‌ دووباره‌ خۆكاندیدكردنه‌وه‌ی بۆ پۆستی سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا. دیدگه‌ی ماندڵ وایه‌ كامالا هاریس وه‌ك جێگری سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا له‌ ماوه‌ی چوار ساڵی ڕابردوودا نه‌یتوانیوه‌ كارێك بكات ئه‌مه‌ریكاییه‌كان له‌ خۆی ڕازی بكات، ته‌نانه‌ت ده‌ركه‌وتنه‌كانی وه‌ك پێویست نه‌بوونه‌.

ئه‌مه‌ریكاییه‌كان له‌ دۆخێكی تایبه‌تدان به‌هۆی كشانه‌وه‌ی جۆو بایدن له‌ دووباره‌ خۆكاندیدكردنه‌وه‌ی بۆ پۆستی سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا

ماندڵ تێبینی ئه‌وه‌ی كرد، دیموكراته‌كان له‌ ناوه‌ڕاستی ئابدا كاندیدێكی نوێ بۆ پۆستی سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا هه‌ڵده‌بژێرن، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌یش ده‌ستنیشانكردنی كامالا هاریس بۆ دیموكراته‌كان به‌تایبه‌تی و ئه‌مه‌ریكاییه‌كان به‌گشتی سه‌خت ده‌بێت، نه‌خاسمه‌ كه‌ ئه‌و ئافره‌تێكی ڕه‌شپێسته و به‌ ڕه‌چه‌ڵه‌ك ئه‌مه‌ریكایی نییه‌‌!

ئێریك ماندڵ سه‌رنجی بۆ ئه‌وه‌ ڕاكێشا، دانانی جێگره‌وه‌یه‌ك بۆ بایدن له‌ كاته‌دا ئاسان نییه‌. پێیشی وابوو، دۆناڵد تره‌مپ جه‌ماوه‌رێكی زۆری هه‌یه‌ و تا ئێسته‌ نیوه‌ی ده‌نگه‌كانی مسۆگه‌ر كردووه‌ كه‌ ئه‌مه‌ریكاییه‌كان ده‌نگی پێ ده‌ده‌ن. هێمای بۆ ئه‌وه‌یش كرد، كشانه‌وه‌ی بایدن كاریگه‌ریی به‌سه‌ر سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌دا نابێت تا ئه‌و كاته‌ی له‌ پۆسته‌كه‌ی ده‌مێنێته‌وه‌ تاوه‌كوو پێنج مانگی دیكه‌.

تره‌مپ بڕوای به‌ دیموكراسی نییه‌، ته‌نانه‌ت له‌م چوارچێوه‌یه‌دا ئاماده‌یی ئه‌وه‌ی تێدایه‌ قوربانی به‌ ئۆكرانیا بدات و "خیانه‌ت له‌ كورد" بكات

پاشان پیته‌ر گاڵبرێت، دیپلۆماتكاری ئه‌مه‌ریكایی سه‌ر به‌ دیموكراته‌كان ئاماژه‌ی به‌وه‌ كرد، كشانه‌وه‌ی بایدن چاوه‌ڕوانكراو بووه‌، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی خاوه‌نی كۆمه‌ڵێك پاشخانی قووڵی مێژووییه‌، بۆ نموونه‌ په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ كورد و پشتیوانیكردن لێیان، به‌ڵام له‌ كۆتاییدا ته‌مه‌ن ڕێگه‌ به‌وه‌ نادات له‌ ئایینده‌ و ئیداره‌دانی ئه‌مه‌ریكا و پرسه‌ ناوخۆیی و جیهانییه‌كان سه‌ركه‌وتوو بێت.

پیته‌ر گاڵبرێت وه‌ك ئه‌ندامێكی دیموكراته‌كان دیدگه‌ی خۆی به‌رانبه‌ر به‌ تره‌مپ خسته‌ ڕوو و بۆچوونی وابوو، تره‌مپ بڕوای به‌ دیموكراسی نییه‌، ته‌نانه‌ت له‌م چوارچێوه‌یه‌دا ئاماده‌یی ئه‌وه‌ی تێدایه‌ قوربانی به‌ ئۆكرانیا بدات و له‌ ناتۆ بكشێته‌وه‌ و "خیانه‌ت له‌ كورد" بكات، هاوكات له‌گه‌ڵ پرسگه‌لێكی دیكه‌ كه‌ به‌ لای ئه‌وه‌وه‌ جێی بایه‌خ و گرنگی نین.

گاڵبرێت پێی وابوو دیبه‌یته‌كه‌ی بایدن له‌گه‌ڵ تره‌مپ، ئه‌و ڕاستییه‌ی ده‌رخست كه‌ ته‌مه‌نی بایدن توانای به‌ڕێوه‌بردنی ئه‌مه‌ریكا و جیهانی نابێت بۆ ماوه‌ی چوار ساڵی داهاتوو. ئه‌مه‌یش ده‌رفه‌ت به‌ كامالا ده‌دات به‌رانبه‌ر به‌ تره‌مپ به‌هێز ده‌ربكه‌وێت و له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كاندا سه‌ركه‌وتووانه‌ پێش بكه‌وێت.

كۆمه‌ڵگه‌ی ڕه‌شپێشت كه‌ نزیكه‌ی 20%ـی كۆمه‌ڵگه‌ی ئه‌مه‌ریكا پێك ده‌هێنن، ده‌چنه‌ پاڵ كامالا هاریس، ئه‌مه‌یش پاڵنه‌رێكی به‌هێز ده‌بێت بۆ دیموكراته‌كان و وه‌ستانه‌وه‌یان به‌رانبه‌ر تره‌مپ و كۆمارییه‌كان

له‌ لایه‌كی دیكه‌وه‌ عیسا حه‌سه‌ن له‌ناو به‌رنامه‌ی باسی ڕۆژدا ناوبڕێكی وه‌رگرتوو و گوتی، لیدنیزی گراهام، سیناتۆری دیار و به‌ناووبانگی كۆمارییه‌كان ده‌ستخۆشی له‌ كشانه‌وه‌ی بایدن كردووه‌، ته‌نانه‌ت ستایشی خه‌بات و مێژووی سیاسی بایدنی كردووه‌، كه‌ ئه‌م بۆچوونه‌یشی پێچه‌وانه‌ی زۆربه‌ی كۆمارییه‌كانی دیكه‌ كه‌ پێیان وایه‌ بایدن خراپترین سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا بووه‌ له‌ مێژووی ئه‌و وڵاته‌دا.

تیشكی خسته‌ سه‌ر ئه‌وه‌یش، كه‌ تره‌مپ و ئه‌و ڕه‌وته‌ی له‌گه‌ڵیدا كار ده‌كه‌ن و هه‌مان بۆچوونیان هه‌یه‌، پێیان وایه‌ بایدن و كامالا هاریس و دیموكراته‌كان له‌ دوو پرسی سه‌ره‌كیدا شكستیان هێناوه‌، یه‌كه‌م؛ پرسی كۆچبه‌ران و دووه‌میش بابه‌ته‌ ئابوورییه‌كانه‌، كه‌ وای ده‌بینن سیاسه‌تی دیموكراته‌كان به‌رانبه‌ر به‌ هه‌ردوو پرس لاسه‌نگ و ناهاوتا بووه‌.

عیسا حه‌سه‌ن به‌ پشت به‌ستن به‌ زانیارییه‌ به‌رده‌سته‌كان، هێمای بۆ ئه‌وه‌ كرد، كۆمه‌ڵگه‌ی ڕه‌شپێشت كه‌ نزیكه‌ی 20%ـی كۆمه‌ڵگه‌ی ئه‌مه‌ریكا پێك ده‌هێنن، ده‌چنه‌ پاڵ كامالا هاریس، له‌ كاتێكدا پێشتر ئاماده‌ نه‌بوون بچنه‌ پاڵ بایدن، ئه‌مه‌یش پاڵنه‌رێكی به‌هێز ده‌بێت بۆ دیموكراته‌كان و وه‌ستانه‌وه‌یان به‌رانبه‌ر تره‌مپ و كۆمارییه‌كان.

تره‌مپ دژه‌دیموكراتی نییه‌، به‌ڵام دیموكراتییه‌كه‌ی بایدن و لایه‌نگرانی و دیموكراته‌كانی قبووڵ نییه‌ و ده‌یه‌وێت ئه‌و باره‌ خواره‌ی به‌سه‌ر ئه‌مه‌ریكادا هێناویانه‌ ڕاستی بكاته‌وه‌

له‌ لای خۆیه‌وه‌ دەیڤ واڵس، كاندیدای كۆمارییه‌كان بۆ كۆنگرێسی ئه‌مه‌ریكا ڕه‌خنه‌ی توندی له‌ بایدن گرت و پێی وابوو سێ ساڵی یه‌كه‌می سه‌رۆكایه‌تییه‌كه‌ی به‌ نیوه‌چڵی و ساڵی چواره‌میشی به‌ شه‌كه‌تی و ناجێگیری و هه‌ڵوێستی نادروست به‌هۆی خراپی باریی ته‌ندروستی هزری و جه‌سته‌یی به‌ ڕێ كرد.

دەیڤ واڵس به‌ پێچه‌وانه‌ی دیدگه‌ی گاڵبرێت، پێی وایه‌ كه‌ تره‌مپ دژه‌دیموكراتی نییه‌، به‌ڵام دیموكراتییه‌كه‌ی بایدن و لایه‌نگرانی و دیموكراته‌كانی قبووڵ نییه‌ و ده‌یه‌وێت ئه‌و باره‌ خواره‌ی به‌سه‌ر ئه‌مه‌ریكادا هێناویانه‌ به‌تایبه‌تی له‌ ڕووی ئابووری و هه‌ڵاوسانه‌وه‌، ڕاست بكاته‌وه‌ و ئه‌مه‌ریكا له‌و دۆخه‌ "سه‌خت و ساخته‌یه‌دا" ده‌رباز بكات، كه‌ دیموكراته‌كان ئه‌مه‌ریكایان خستووه‌ته‌ ناویه‌وه‌.

له‌ باره‌ی كشانه‌وه‌ی بایدن و كاریگه‌رییه‌كانی له‌سه‌ر پێشكه‌وتنه‌كانی ئه‌مه‌ریكا بۆچوونی وابوو، دیموكراته‌كان به‌ شێواز و میكانیزمی جیا جیا هه‌وڵ ده‌ده‌ن به‌ر له‌ به‌رزبوونه‌وه‌ی ئاستی جه‌ماوه‌ری تره‌مپ بگرن، له‌م چوارچێوه‌یه‌دا به‌ شێوه‌ی ناڕاسته‌وخۆ پشتیوانیان له‌ هه‌وڵی تیرۆركردنی تره‌مپ كردووه‌. گوتیشی، ئه‌مه‌ریكا به‌ كشانه‌وه‌ی بایدن له‌ كێبه‌ركێی پۆستی سه‌رۆكایه‌تیدا زیانی به‌ر ناكه‌وێت.

ڕۆژی 21ـی تەممووزی 2024 جۆ بایدن، لە نامەیەکی کراوەدا، کشانەوەی خۆی لە کێبه‌ركێی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمەریکا ڕاگەیاند و ئاماژەی بەوە کرد: لە کاتێکی دیکەی ئەم هەفتەیە زیاتر لە بارەی ئەو بڕیارەوە قسە دەکات.

بایدن لە نامەکەیدا، ئاماژەی بە کارەکانی ماوەی سێ ساڵ و نیوی ڕابردوو کردووە کە وەک سەرۆکی ئەمەریکا کردوویه‌تی و ڕایگەیاندووە: شانازییەکی گەورەی ژیانی بووە کە وەک سەرۆک توانیویەتی خزمەتی ئەمەریکاییه‌کان بکات.

بایدن باسی لەوە کردبوو: ئەمەریکا ئێسته‌ خاوەنی بەهێزترین ئابوورییە لە جیهاندا و وەبەرهێنانی مێژووییان لە بنیاتنانەوەی نەتەوەکەیاندا کردووە، هاوکات کاریان کرد بۆ کەمکردنەوەی نرخی دەرمان بۆ کەسانی بەساڵاچوو، هەروەها چاودێریی تەندروستی گونجاویان بۆ ئەمەریکییەکان فره‌وان كردووه‌ و یەکەم ئافره‌تیی ڕەشپێستی ئەمەریکایی بۆ دادگه‌ی باڵا دەستنیشان کردووە.

بایدن نووسیویەتی: ئەوەی بە دەست هاتووە بە بێ پشتیوانی گەلی ئەمەریکا نەدەکرا و باسی لە پەتای کۆرۆنا و قەیرانی دارایی جیهانی کردووە و ڕایگەیاندووە، توانیویانە بە سەرکەوتوویی تێیی پەڕێنن. هاوکات بایدن جەختی کردووەتەوە کە دیوکراسی وڵاتەکەی پاراستووە و توانیویەتی هاوپەیمانییەتی وڵاتەکەی لە سەرانسەری جیهاندا بەهێز بکاتەوە.

بایدن لە نامەکەیدا بۆ گەلی ئەمەریکا دەڵێت: گەورەترین شانازی ژیانم بووە کە وەک سەرۆک خزمەتی گەلەکەی بکات و مەبەستی بووە دووبارە خۆی کاندید بکاتەوە، بەڵام لە بەرژەوەندی حزبەکەی و وڵاتەکەیدایە، دەستبەرداری ئەوە بێت و سەرنجی تەنیا لەسەر جێبەجێکردنی ئەرکەکانی دەبێت، لەو ماوەیەی ماویه‌تی وەک سەرۆکی ئەمەریکا.

بایدن ئاشکرایشی کردووە: لە کۆتایی ئەم هەفتەیەدا بە وردی باس لە ناوەڕۆکی ئەو بڕیارەی دەکات بۆ گەلی ئەمەریکا و سوپاسی خۆیشی بۆ هەموو ئەوانە دەربڕیوە لە ماوەی ڕابردوو کاریان بۆ دووبارە هەڵبژاردنەوەی کردووە، هاوکات سوپاسی کامالا هاریسی کردووە کە لە کارەکانیدا وەک جێگری سەرۆک هاوبەشی بووە.