10 کەس بەتۆمەتی تیرۆر لە ناسریە لە سێدارە دران

سەرچاوەیەکی تەندروستیی و ئەمنی ڕایگەیاند: سزای لە سێدارەدان بەسەر 10 تۆمەتباری عێراقی لە بەندیخانەی ناسریە ئەمڕۆ جێبەجێکراوە.
لە ساڵانی ڕابردوودا دادگاکانی عێراق سەدان سزای لەسێدارەدان و بەندکردنی هەتا هەتاییان بەسەر تۆمەتباراندا جێبەجێ کردووە، یاسای سزاکان ئاماژەی بەوە کردووە، سزای تا لە سێدارەدان هەموو ئەوانە دەگرێتەوە کە لە پاڵ گرووپە تیرۆریستیەکانن، ئەگەر ئەو کەسە بکوژ بێت یاخود نا.
سەرچاوەیەکی تەندروستی ئاشکرای کردووە، هەموو ئەوانەی بە لە سێدارەدان سزادران، تۆمەتبار کرابوون بەوەی سەر بە ڕێكخراوی تیرۆریستی داعشن، ئەو سەرچاوەیە دەشڵێت: سزاکە بەسەرپەرشتی تیمێک لە وەزارەتی داد ئەنجامدراوە، سەرچاوەیەکی ئەمنیش هەواڵەکەی پشتڕاست کردەوە.
بەندیخانەی ناسریە ناوی لێنراوە( نەهەنگ)، لەبەر ئەوەی ئەستەمە هیچ بەندییەک بە سەلامەتی لێی دەرباز ببێت وەک عێراقییەکان باسی دەکەن، سەرچاوە تەندروستییەکە ئاماژەی بەوە کردووە، ئەوانەی ئەمڕۆ لە سێدارەدران بەپێی ماددەی چواری تیرۆر تۆمەتبار کرابوون، خزمەتگوزارییەکانی تەندروستیش تەرمەکانی وەرگرتەوە بۆ ئەوەی بیانگەیەنێتەوە خانەوادەکانیان.
لە ساڵی 2023، زیاتر لە هەشت هەزار کەس لە عێراق سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا جێبەجێ کراوە، هەربۆیە تێبینییەکی زۆر لەسەر دەسەڵاتی دادوەریی عێراق دروستبووە، بە تایبەت دوای ئەوەی کە سەرۆکایەتی کۆمار بڕیارەکانی لەسێدارەدان پەسەند ناکات و فەرمانی سەرۆکایەتی لەوبارەیەوە دەرناکات، ئەمەش گومانەکان لەبوونی دەستوەردانی سیاسی لە یەکلاییکردنەوەی دۆسییەکان زیاتر دەکات.
عەلی تەمیمی شارەزای یاسایی ڕایگەیاندووە: جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدان لەیاساکانی عێراقیدا لە ماددەی 58 تاوەکو ماددەی 293 لە یاسای تاوانەکان، سزاکەی دیاریکراوە و، بەگوێرەی ماددەی 93ـی دەستووری عێراق سزاکە جێبەجێ ناکرێت تاوەکو مەڕسوومی سەرۆکایەتی کۆمار، لەسەر تۆمەتباران دەرنەکرێت.
بەم دواییانە وەزارەتی دادی عێراق ڕایگەیاندبوو، لەکۆی 20 هەزار زیندانی کە بە تۆمەتی تیرۆر و ئەندامێەتی لە گرووپە تیرۆریستییەکان لە بەندیخانەکانی عێراقدان، بڕیاری سزای لەسێدارەدان بۆ هەشت هەزار دەرکراوە، ئاماژە بەوەشدەکات زیاتر لە 60 هەزار کەس کە تۆمەتی تاوانکاری و مەدەنییان لەسەرە لە 28 زیندانی سەرەکیدا بەندکراون.