جۆو بایدن بەڵێن دەدات پێش کۆتایی خولی سەرۆکایەتییەکەی، شەڕی غەززە ڕابگرێت

جۆو بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا
جۆو بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا

جۆو بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا شەش مانگی ماوە لە پۆستەکەیدا، بەڵێنی دا کۆتایی بە شەڕی نێوان ئیسرائیل و حەماس  بهێنێت و بارمتەکانیش بگەڕێنێتەوە.

بەگوێرەی ماڵپەڕی "ئەکسیۆس"ـی ئەمەریکی، بایدن ڕایگەیاندووە، "بەردەوام دەبێت لە کارکردن لەگەڵ ئیسرائیلییەکان و فەڵەستینییەکان بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن لەسەر بارمتەکان و ئاگربەست لە غەززە"، ئاماژەی بەوەش کردووە، "ئێمە لە لێواری گەیشتنین بەو ڕێککەوتنە".

ناتانیاهۆ پاشنیوەڕۆی ڕۆژی دووشەممە، گەیشتە واشنتۆن، هەروەها لە کۆتایی ئەم هەفتەیەدا لەگەڵ جۆو بایدن کۆ دەبێتەوە، تاوتوێی پرسی ڕێککەوتن لەسەر بارمتەکانی غەززە و ئاگربەست دەکەن.

بەرپرسانی ئەمەریکا ڕایانگەیاندووە، هێشتا وادەی کۆبوونەوەکە دیاری نەکراوە، چونکە نیشانەکانی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا کە لە بایدن دەرکەوتووە، بەڵام یەکێک لە بەرپرسە ئەمەریکیەکان ڕوونی کردەوە، ڕۆژی پێنجشەممە ناتانیاهۆ و بایدن کۆدەبنەوە.

یاریدەدەرێکی جێگری سەرۆکی ئەمەریکا دەڵێت، بڕیارە لە کۆتایی ئەم هەفتەیەدا کامالا هاریس جێگری سەرۆکی ئەمەریکا بەجیا لەگەڵ ناتانیاهۆ کۆ ببێتەوە.

ڕۆژی 21ـی تەمموزی 2024، جۆو بایدن لە نامەیەکی کراوەدا، کشانەوەی خۆی لە کێبڕکێی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمەریکا ڕاگەیاند و ئاماژەی بەوەش کرد، لە کاتێکی دیکەی ئەم هەفتەیە زیاتر لەبارەی ئەو بڕیارەوە قسە دەکات.

لە نامەکەیدا، بایدن ئاماژەی بە کارەکانی ماوەی سێ ساڵ و نیوی ڕابردوو کردووە کە وەک سەرۆکی ئەمەریکا کردووێتی و ڕایگەیاندووە: شانازییەکی گەورەی ژیانی بووە کە وەک سەرۆک توانیویەتی خزمەتی ئەمەریکییەکان بکات.

بایدنی سەرۆکی ئەمەریکا، دوای بڵاوکردنەوەی نامەی دەستبەرداربوونی لە دووبارە خۆکاندیدکردنەوە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمەریکا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک پەیامێکی ئاراستەی دیموکراتەکان کردووە و پشتیوانی خۆی بۆ کامالا هاریس دووپات کردووەتەوە.